سەردێڕ:

وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی ھەرێم چەند ڕێنماییەکی پەسەندکرد

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم
فۆتۆ: 
2019-10-06

10273 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێنماییەکانی کردنەوەی ماستەر و دکتۆرا و کۆنووسی سەنتەرەکانی زمانی پەسەندکرد و، ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی ١٢ی ئامادەییش پەسەندکرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە شاری سلێمانی، بە سەرۆکایەتیی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند ڕێنماییەک سەبارەت بە کردنەوەی خوێندنی باڵا و سەنتەرەکانی زمان و، وەرگرتنی خوێندکاران پەسەندکرا.

لەبارەی کردنەوەی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) سەرجەم مەرجەکانی خوێندنی باڵا، کە بریتین لە (توانستی زمانی ئینگلیزی و کۆنمرەی خویندکار’’معدل’’ ھەروەھا مەرجی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و مەرجی تەمەن) تاوتوێ کرا، دواتریش ئەنجومەنەکە ڕێنماییەکانی تایبەت بە خوێندنی ماستەر و دکتورای لە زانکۆکانی حکومەتی ھەرێم بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ پەسەندکرد.

ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی ١٢ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان پەسەندکرا و، بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا ڕابگەیەندرێت.

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی کۆنووسی سەنتەرەکانی زمان، تیایدا پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی تایبەت بە خوێندنی سەنتەرەکان و، دیاریکردنی ئاست و شێوازی تاقیکردنەوەکاندا کرا.

ئاماژەش بەوەشکراوە، ڕێنماییەکانی تایبەت بە خوێندنی ئەم سەنتەرانە، سەرجەمیان لە "بەرژەوەندی" خوێندکاران و، ئەو کاندیدانەی کە سەرقاڵی ئەو پڕۆسەیەن، پەسەندکراوە.

وا بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا سەرجەم ڕێنماییە پەسەندکراوەکان، دوای پوختکردنیان بەو گۆڕانکارییانەی لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریان لێ درا، بڵاوبکرێنەوە، تاکو خوێندکاران خۆیان بۆ خوێندنی ماستەر و دکتورا ئامادە بکەن.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راشیگەیاند، بە پەسەندکردن و دەرچوونی ئەم ڕێنماییانە، دەرفەتی خوێندنی زیاتر بۆ دەرچووانی زانکۆکانمان دەڕەخسێت و، دەتوانن پەرە بە توانا زانستییەکانیان بدەن.