سەردێڕ:

ھاوسەرگیری کاتیی عێراقییەکان بەرەو کوێ دەبات؟

فۆتۆ: 
2019-10-06

14387 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی بەڵگەیی (دۆکیومێنتەری) بی بی سی، ھاوسەرگیری کاتیی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە پارێزگاکانی خوارووی عێراقدا ئەنجام دەدرێت.

لە دۆکیومێنتەرییەکەدا ھاتووە، "ھەندێک لە پیاوانی ئاینیی ڕەوتی شیعە، لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق، وەکو "دەڵاڵ" ئیش دەکەن و، بەڵگە بۆ حەڵاڵ بوونی ئەو کارە بۆ خەڵکی خۆیان دەھێننەوە و، بوونەتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان پیاوان و ژنان بۆ ئەو بابەتە".

لە دۆکیومێنتەرییەکەدا، بە نھێنی قسەی چوار پیاوی ئایینی تۆمار کراوە کە وتویانە، "دەتوانین کچی منداڵی تەمەن لە ٩ ساڵ بەرەوسەر، دابین بکەین و، نرخەکان لە ٥٠٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات، لە خوار پانزە ساڵیشەوە پارەکەی زیاد دەکات بۆ ٨٠٠ دۆلار".

ھەر لە دۆکیومێنتەرییەکەدا پرسیار لە شێخ سەلاوی، پیاوێکی ئاینییە لە کەربەلا، کراوە، ئایا ئاساییە لەگەڵ منداڵێکی ١٢ ساڵان ھاوسەرگیری چێژ(کاتیی) بکرێت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: "بەڵێ، بەپێی مەزھەبی شیعە لە ٩ ساڵ بەسەرەوە کێشەی نییە".

لە بەرامبەردا، بی بی سی، غەیپ ئەل-تەمیمی دواندووە، کە پێشتر پیاوی ئایینیی بووە و، دەڵێت، "ئەوە تاوانێکی گەورەیە و پێویستە ئەو کەسانەی ئەو ھاوسەرگیرییە دەکەن و، ئەوانەشی ڕێکی دەخەن، سزای توندی یاسایی بدرێن".

بی بی سی، ھەر دەربارەی ئەم بابەتە، پرسیاری لە نوسینگەی سیستانیش کردووە، لە وەڵامدا ڕایگەیاندووە، "ھەرچەندە ھاوسەرگیری کاتیی لە ھەندێک لای ئیمامەکان ڕێگەپێدراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە ئیدانەی ئەم بابەتە دەکەین و، پێمانوایە ئەمە دوورە لەو بەھایانەی کە شکۆی مرۆڤ دەپارێزن".

ھاوکات، وتەبێژێک بەناوی حکومەتی عێراقییەوە، پێی ڕاگەیاندون، "ئەگەر ژنەکان یان منداڵەکان و کەسوکارەکانیان، سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو پیاوە ئاینییانە تۆمار نەکەن، ئەوا قورسە بۆ حکومەت ھیچ ھەنگاوێک بنێت".