سەردێڕ:

باڵیۆزی بەریتانیا لەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق ھاتە دەنگ

فۆتۆ: 
2019-10-06

2277 جار خوێندراوەتەوە

لە بەرامبەر بەکارھێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران جۆن وێلکس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

لەسەر ھەژماری تویتەری خۆی، ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، جۆن ویلکس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق باسی لە نیگەرانی وڵاتەکەی کردووە بەرامبەر بەکارھێنانی چەک و گازی فرمێسکڕێژ و توندوتیژییەکانی دیکە بەرامبەر خۆپیشاندەران.

باڵیۆزی بەریتانیا وتووشیەتی، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان و جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی خەڵک، قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق کردووە.

وێلکس ڕاشیگەیاندووە، بەریتانیا نیگەرانە لەو مامەڵەیەی حکومەتی عێراق و ھێزە ئەمنییەکان بەرامبەر خۆپیشاندەران دەیکەن.

لە تویتەکەیدا باڵیۆزی بەریتانیا نوسیوویشیەتی، "ھاوخەمی عێراقییەکانین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی بەغدا و بەسرە و میسان و کەرکوک و زیقار و کەربەلا و موسەننا و دیوانییەی بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران داوای دامەزراندن و بنەبڕکردنی گەندەڵی ودۆزینەوەی ھەلی کار دەکەن.