سەردێڕ:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: مانگی ڕابردوو پێنج ھاوڵاتی کورد لە ئێران لەسێدارەدراون

فۆتۆ: 
2019-10-06

1317 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەمیانی خستنەڕووی ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی ئەیلولدا سێ کۆڵبەر و کاسبکار، بە تەقەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و، ١٠ کۆڵبەر و کاسبکار و دوو ھاوڵاتیش برینداربوون.

ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە مانگی ئەیلولدا ١٢ چالاکی سیاسی و مەدەنی کورد، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

بەپێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٣٦ ھاوڵاتی کورد لەسێدارەدراون، ٦٣ کۆڵبەر و کاسبکاریش کوژراون و ١٢٠ کۆڵبەریش برینداربوون.

ھەر بەگوێرەی ئەو ئامارانە، لەمساڵدا ٢٤٧ چالاکی سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێزی کورد لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، دەستگیر و راپێچی گرتووخانە کراون.

بە ھەزاران بنەماڵەی شارە سنوورییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەھۆی نەبوونی کار و پیشەی دیکەوە، بژێویی ژیانیان لەسەر کۆڵبەرییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی ئێران کۆڵبەرەکان بە قاچاخچی دادەنێت و، بە بەردەوامی ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە.