سەردێڕ:

ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق قۆناغى یەکەمى داواکارییەکانى خۆپیشاندەران جێبەجێدەکات

١٧ خاڵ لە خۆدەگرێت
فۆتۆ: 
2019-10-06

20425 جار خوێندراوەتەوە

کەناڵى فەرمى عێراقییە بڵاویکردەوە، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق چەند بڕیارێکى دەرکردووە بۆ جێبەجێکردنى قوناغى یەکەمى داواکارییەکانى خۆپیشاندەران.

بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزیران لە دانیشتنێکى نائاساییدا بووە کە ئێوارەى رۆژى شەممە ٥ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٩ بەڕێوەچوو و چەند خاڵێک لە خۆدەگرێت لەوانە:

١- کردنەوەى دەرگا بۆ ناونوسکردنى ئەو خێزانانەى کە کەمدەرامەتن و داهاتیان دیاریکراوە بەپێدانى یەکەیەکى نیشتەجێبوون لە سەرجەم پارێزگاکاندا.

٢- تەواوکردنى دابەشکردنى ١٧ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لە پارێزگاى بەسرە بۆ ئەو خێزانانەى کە کەمدەرامەتن و داهاتیان دیاریکراوە لە ماوەیەکى دیاریکراودا کە چوار هەفتە تێپەڕ نەکات.

٣- ئامادەکردن و جێبەجێکردنى بەرنامەى نیشتمانى بۆ نیشتەجێبوون کە دروستکردنى سەد هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لە تەواوى پارێزگاکاندا لەخۆ دەگرێت و سەرەتاش بۆ ئەو پارێزگایانەى کە هەژارییان تێدا زۆرە.

٤- پارێزگارەکان راسپێردراون بە دروستکردنى لیژنەکان بۆ ناونوسکردنى خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان لە تۆڕى چاودێرى کۆمەڵایەتى و لەماوەى دوو هەفتەدا ناوەکان بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزبکرێنەوە.

٥- وەزارەتى دارایى راسپێردراوە بە زیادکردنى بودجەى سندوقى نیشتەجێبوون تا بتوانرێت قەرزى زیاتر بدات بەو کەسانە بۆ ئەوەى خانوو لەسەر زەوییەکانیان دروستبکەن و هیچ زیادەیەکیش نەچێتە سەر قەرزەکان و لە بودجەى ٢٠٢٠ دا جێى بۆ بکرێتەوە.

٦- بڕینەوەى موچەى مانگانە بە بڕى ١٧٥ هەزار دینار بۆ ١٥٠ هەزار کەس لەوانەى هەلى کاریان نییە و ناتوانن کار بکەن بۆ ماوەى سێ مانگ کە دەکاتە ( ٧٨ملیار) دینار.

٧- دروستکردنى کۆمەڵگەى بازاڕگەرى لە شێوەى کەپر لە ناوچە بازرگانییەکان لە بەغداد و پارێزگاکانى تر بۆ ئەو کەسانەى هەلى کاریان نییە لە ماوەى سێ مانگدا بە بڕى ٦٠ ملیار دینار و کە دەبێت خاوەن کۆشکەکە بەڵێن بدات کە دوو لەو کەسانەى بێکارن بخاتە سەر کار کە نزیکەى ٤٥ هەزار هەلى کار دەرەخسێنێت.

٨- ئامادەکردنى بەرنامەیەکى مەشق و راهێنان بۆ ئەوانەى بێکارن ودانەمەزراون و تواناى کاریان هەیە کە نزیکەى ١٥٠ هەزار دەرچوو سودمەند دەبن لێى و پێدانى بڕى ١٧٥ هەزار دینار مانگانە بۆ ماوەى سێ مانگ لە کاتى مەشقکردنەکەدا.

٩- پێدانى قەرز بە دەرچوانى خولى ڕاهێنانەکان بۆ بونیاتنانى پرۆژەى بچوک و مام ناوەندکە بڕى ترلیۆنێک دینارى بۆ تەرخان کراوە.

١٠- ئەو بێکارانەى لە بەرنامەى مەشق و راهێنانەکاندا بەشدارییان کردووە پارچەیەک زەوییان پێ بدرێت بۆ دروستکردنى پرۆژە پیشەسازییەکانیان.

١١- وەزارەتى بەرگرى دەرگاى ناونوسین لە ڕێگەى ئۆنلاین و نوسینگەى وەرگرتن لە پارێزگاکان بۆ خۆبەخشان دەکاتەوە لە تەمەنى (١٨ بۆ ٢٥) ساڵى لە ڕۆژى ١٥ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٩ وە.

١٢ -وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆ ڕێوشوێنە یاساییەکان دەگرنە بەر بۆ وەرگرتنەوەى ئەو دەرکراوانەى گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە لە تەواوى پارێزگاکان.

١٣- وەزارەتى پەروەردە رێوشوێنى پێویست دەگرێتەبەر بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ وانەبێژە خۆبەخشەکان و لە بودجەى ٢٠٢٠ دا بڕى پارەى تەرخانکراو جێى بۆ دەکرێتەوە.

 -١٤وەزارەتى کشتوکاڵ رێوشوێنە یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ بەخشینى ئەو جوتیارانەى کە کرێیەکى زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە و ناتوانن بیدەنەوە بە حکومەت تا ٣١ى ١٢ى ٢٠١٩.

١٥- پارێزگارەکان بە هەماهەنگى لەگەڵ فەرمانگەى چاودێرى کۆمەڵایەتى لیستى ناوى ئەو خێزانانە ئامادە دەکات کە زۆر بێ بەشن و هیچ بژێوییەکیان نیە کە ٦٠٠ هەزار خێزانن.

١٦ -قوربانیانى خۆپیشاندانەکانى چەند رۆژى رابردوو لە هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەران بە (شەهید) هەژمار بکرێن و بەپێى یاسا بەرکارەکان و خێزانەکانیان پاداشت بکرێن و ماف و ئیمتیازاتیان پێ بدرێت.

١٧ -وەزارەتى تەندروستى خزمەتگوزارى پێویست و دەرمان بۆ بریندارانى خۆپیشاندانەکان دابین بکات و گەر پێویست بکات بۆ دەرەوەى وڵاتیش لەسەر ئەرکى حکومەت رەوتنەیان بکات.

هەروەها ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا قوناغى دووەمى جێبەجێکردنى داواکارییەکانى خۆپیشاندەران لە دانیشتنى داهاتوودا تاوتوێ بکات کە تایبەتە بە چاکسازى.