سەردێڕ:

گفتوگۆکانی ئەمریکا و کۆریای باکور دوای تەنها یەک ڕۆژ راگیرا

گفتوگۆکان لە سوید بووە
فۆتۆ: 
2019-10-06

3188 جار خوێندراوەتەوە

گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکور دوای تەنها یەک ڕۆژ لە دەستپێکردنەوەی راگیرا.

کیم میونگ گیل، سەرۆکی لیژنەی گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانی کۆریای باکور ڕایگەیاند، گفتوگۆکان دەرباری وزەی ناوەکی لە ئاستی پێشکەوتوودا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگیرا.

خولی نوێی گفتوگۆکان ڕۆژی شەممە ٥ی تشرینی یەکەم لە ستۆکۆڵم، پایتەختی سوید دەستی پێکرد.

کیم میونگ گیل، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا پێش ئەم دیدارە، " تەکنیکی نوێ" و " چارەسەری دروستکەرانە" ی خستۆتەڕوو کە پێشبینییەکانی پیۆن یانگی بەرزترکردەوە، بەڵام ئەم پێشبینییانە نەهاتنەدی هەربۆیە لایەنی بەرامبەر کە ئەمریکایە " ئاماژەیان بەهیچ بڕیارێک لەسەر مێزی گفتوگۆ نەکردوە."

ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەکی ڕاگەیاند، دەربڕینەکانی کیم میونگ گیل "ناوەڕۆک" و " سروشتی" گفتوگۆکان نین، بەپێی ئەم بەیاننامەیە "ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئایدییای بەهێز و دروستکەرانەی لەگەڵ کۆریای باکوردا هەبووە."

بەیاننامەکە لە کۆتاییدا ئەوەى ئاشکرا کرد، لەلایەن ئەمریکاوە بانگێشتی وڵاتی سوید کراوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان لە دوو هەفتەی ئایندەدا.

گفتوگۆکان لە کاتێکدا دەستیانپێکردەوە کە، کۆریایی باکور چەند ڕۆژ پێشتر موشەکێکی نوێی بالستی لە ژێردەریادا تاقیکردەوە. ئەمەش یانزەیەمین تاقیکردنەوەی موشەکی کۆریای باکورە لەساڵی ٢٠١٩ کە لەلایەن ژاپۆن و ئەمریکاوە ئیدانە کرا.

دۆناڵد ترامپ تاقیکردنەوەکانی کۆریای باکور بە گرنگ نازانێت و تەئکید لەسەر سیاسەتی پێکەوەژیان دەکاتەوە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ کیم جونگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور پەیوەندییەکی باشی هەیە.