سەردێڕ:

عێراق.. کۆمەڵەى بەرگرى لە ئازادى رۆژنامەنوسان ئیدانەى هێرشکردنە سەر کەناڵى ئێن ئاڕ تى عەرەبى کرد

فۆتۆ: 
2019-10-06

1770 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵەى بەرگرى لە ئازادى رۆژنامەنوسانى عێراق ئیدانەى راگرتنى پەخش و هێرشکردنە سەر کەناڵى ئێن ئاڕ تى عەرەبى و چەند کەنالیکى تر لە بەغداد کرد.

لە راگەیەنراوێکى کۆمەڵەکەدا هاتووە،" چەند ئەندازیارێکى تەکنیکى شەوى رابردوو لە کاتى هێرشکردنە سەر کەناڵى ئێن ئاڕ تى عەرەبى لەگەڵ چەکدارەکاندا فریکوێنسەکانى پەخشى کەناڵەکەیان راگرتووە".

هاوکات پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند،" هێزە چەکدارەکان ئامێر و کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان شکاندووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە، لەگەڵ دزینى پارە و موبایلى کارمەندەکان".

بەپێى راگەیەنراوەکەى کۆمەڵەى بەرگرى لە ئازادى رۆژنامەنوسان، " ژمارەیەک چەکدار کە زیاتر لە ٥٠ ئۆتۆمبێلیان پێبووە هەڵیانکوتاوەتە سەر کەناڵى دیجلە لە بەغداد و دواتر ئاگریان تێبەرداوە".

ئاماژە بەوەشکراوە،" کارمەندانى کەناڵى دیجلە لەلایەن چەکدارەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و دواتر لە کەناڵەکە دەرکراون".

هاوکات بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە بە موشەک هێرشکراوەتە سەر کەناڵى فورات لە شەقامى ئەسفەر لە ناوچەى کەرادەى بەغداد کە سەر بە رەوتى حیکمەى عەمار حەکیمە و زیانەکانیش نەزانراون.

شەوى رابردوو هێرشکراوەتە سەر لە کەناڵەکانى نوسینگەى ئێن ئاڕ تى و ئێن ئاڕ تى عەرەبى و دیجلە هەروەها نوسینگەى کەناڵى عەرەبییە حەدەس.

 ماوەى پێنج ڕۆژە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق دەستیپێکردووە و بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤیش، بەهۆی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسیش برینداربوون.