سەردێڕ:

عێراق.. لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسیش برینداربوون

فۆتۆ: 
2019-10-06

2568 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، لە پێنجەم ڕۆژى خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسیش برینداربوون.

لە پێنجەم ڕۆژدا خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق بەردەوام بوون و بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤیش لە عێراق، بەهۆی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسیش برینداربوون.

لە نوێترین ڕووداو و دوای پێنج ڕۆژ، نوێنەرانی خۆپیشاندەران لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە و وادەی تا کۆتایی چلەی ئیمام حوسێنیان بۆ حکومەت دانا، ئەگەرنا دەچنە ناوچەی سەوز و هێرشدەکەنە سەر باڵەخانەکانی حکومەت و پەرلەمان. لەلایەکی تریشەوە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی و ڕێکنەکەوتنی نوێنەری خۆپیشاندەران و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، ئەنجام نەدرا.

سەرەڕای داواکردنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر داواکاری خۆپیشاندەران و تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی، لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە هەرزوو ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرا کە ئەنجام نەدرێت، چونکە لەلایەک هەرزوو موقتەدا سەدر داوای لە هاوپەیمانی سائیرون کرد، کە بایکۆتی دانیشتنە بکەن و هاوپەیمانێتیەکەش پابەندبوو بە داواکەی سەدرەوە.

هەرچی فراکسیۆنە کوردیەکانیشە، هێشتا لە کوردستانن و بە نیازیش نەبوون لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بەشداری بکەن.

بەڵام نوێنەرانی خۆپیشاندەران بەدەم داواکەی سەرۆکی پەرلەمانەوە چوون و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە و وێڕای پێشکەشکردنی چەند داواکاریەک لەلایەن نوێنەرانی خۆپیشاندەرانەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بە بێ ئەنجام کۆتایی هات.

داواکاریەکانی نوێنەرانی خۆپیشاندەران بریتی بوون لە دابینکردنی یەکەی نیشتەجێکردن بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان و پێدانی سولفەیەک بە کەسوکاری شەهیدان، هەروەها دەستهەڵگرتنی حکومەت لە ڕووخاندنی خانووە زێدەڕۆییەکانی خێزانە کەمدەرامەت و هەژارەکان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان.

نوێنەرانی خۆپیشاندەران داوای  ئەوەشیان کردووە، کە هەریەک لە زکرە عەلوش لە پۆستی ئەمینداری بەغدا و پارێزگاری کەربەلا لە پۆستەکانیان دوربخرێنەوە، بەڵام لەکاتی پێشکەشکردنی داواکانیان بەشێکیان داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانیان کردووە و بەو هۆیەشەوە گرژی لەنێو هۆڵی پەرلەمان دروست بووە و کۆبوونەوەکەش بێ ئەنجام کۆتاییی پێهاتووە. هەروەها گەڕانەوەی عەبدولوەهاب ساعدی، بۆ سەر کارەکەی لە دەزگای دژە تیرۆری عێراق.

لەلایەکی ترەوە سەرۆک کۆماری و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر لێپێچینەوەی ئەو کەسانە کرد، کە توندوتیژیان ئەنجام داوە، لە هەمان کاتدا باسی چۆنیەتی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیان کرد و لەگەڵ دۆزینەوەی رێگەیەکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران.

لە نوێترین لێدوانیشدا، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: بڕێک پارە لە پلە تایبەتەکان دەبڕێت و لە سندوقێکدا بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان خەرج دەکرێت و لە بوودجەی ساڵی داهاتوودا ئەو بڕە پارەیەیان پێدەدرێت.

حەلبووسی ڕاشیگەیاند: ئەرکی حکومەتە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتییان دابین بکات و حکومەت پارە دابیندەکات بۆ پێشینەی خانووبەرە و پێویستە کەسانی شیاو بۆ پۆستە حکومییەکان دابنرێن، هەروەها پێویستە هاوکاری ئاوارەکان بکرێت بە گەراندنەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

لەلایەکی دیکەوە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ھەبوونی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکاندا ھۆکاری نەبوونی متمانەی ھاوڵاتیانە بە پرۆسەی سیاسی، ھەروەھا پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی عێراق دەربڕی.

فراکسیۆنی گۆڕان داواشی لە حکومەت کرد، بە زوویی بەرنامەی چاکسازیی بنێرێتە پەرلەمان، ھاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، پێیانوایە چاکسازی لە عێراق پاڵنەری چاکسازیش دەبێت لە کوردستان.