سەردێڕ:

عێراق.. فراوانبوونى خۆپیشاندانەکان و ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت

فۆتۆ: 
2019-10-05

3472 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ فراوانبوونى خۆپیشاندانەکاندا ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی زیاتر دەبن.

ئاگری توڕەیی خۆپیشاندەرە عێراقییەکان چارەنووسی پەرلەمان و حکومەتی عێراقی خستووەتە بەردەم ئەگەری هەڵوەشاندنەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئەوەش دوای زیادبوونی ئەو دەنگ و لایەنانەی کە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەکەن، کە سەرەکیترین داواکاریی خۆپیشاندەرانە و لەگەڵ فراوانبوون و بەردەوامیی خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی عێراقیدا، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە زیاتر و زیاتر دەبن.

خۆپیشاندانی ئەمجارەی هاوڵاتییانی عێراق جیاواز لە خۆپیشاندانەکانی پێشتر بەرفراوانترن و لایەنە سیاسییەکانیش تا چەند ڕۆژێک جگە لە چاودێریکردنی دۆخەکە شتێکی ئەوتۆیان بۆ خۆپیشاندەران پێنەبوو، لە چوارەم  ڕۆژی خۆپیشاندانەکاندا، موقتەدا سەدری سەرۆکی ڕەوتی سەدر جگە لە هۆشداریدان لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، وەک هەنگاوێکی کرداریش پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی سائیرونی سەربە ڕەوتەکەی کارەکانیان هەڵپەسارد، کە لە نێویاندا حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش هەیە.

لەلایەنی دیکەوە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوو و سەرۆکی هاوپەیمانی نەسریش داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، جوڵانەوەی نەوەی نوێش داواى هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و پەرلەمانى عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، هاوکات جوڵانەوەکە لە بەیاننامەیەکدا داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانیش دەکات و ڕایگەیاندووە، خۆ ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەم داوایە جێبەجێ نەکات ئەوا دەبێت بزانێت ئەوەی لە بەغدا و ناوچەکانی تر دەگوزەرێت دەگاتە هەرێم و هاوڵاتییان تا سەر بێدەنگ نابن.

بەپێی دەستوری عێراقی، ڕێکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەپێی مادەی ٦٤ دیاریکراوە، کە دەبێت پەرلەمان بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامەکانی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بڕگەی یەکەمی مادەی ٦٤ی دەستوری عێراق دەڵێت، "ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامەکانی هەڵدەوەشێتەوە لەسەر داوای سێ یەکی ئەندامانی یان لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران و بە ڕەزامەندی سەرۆک کۆمار، نابێت ئەنجومەن هەڵبوەشێتەوە لە کاتی لێپرسینەوە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا."

هەروەها لەسەر ڕێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بڕگەی دووەمی مادەی 64ی دەستور دەڵێت، "سەرۆک کۆمار لە کاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا داوای هەڵبژاردنی گشتی دەکات لە وڵاتدا کە ماوەکەی لە شەست ڕۆژ تێپەڕنەکات، ئەنجومەنی وەزیران بە دەستلەکارکێشاوە دادەنرێت، بەڵام لە کارەکانی بەردەوام دەبێت بۆ بەڕێکردنی کاروباری ڕۆژانە."

لەگەڵ زیادبوونی داخوازی خۆپیشاندەران و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی ، لەوبارەیەوە سەعید کاکەیی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران بە ئێن ئارتی ڕاگەیاند " وەکو کۆمسیۆن ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق و لە ئێستادا چاوەڕێی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق دەکەین بۆ بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە.

هێشتا خەڵک لەسەر شەقامن و بەڵینەکانی حکومەتی عێراق توڕەیی کەمنەکردونەتەوە، ئاماژەکانیش وا دەری دەخەن دۆخی سیاسی عێراقیش لە ناو ململانێ هەرێمی و ناوخۆییە سیاسییەکانیدا بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە هەنگاو دەنێت، چونکە بەرفراوانی خۆپیشاندانەکان وکوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان پێناچێت بەمزووانە خۆپیشاندەران هێوربکاتەوە.