سەردێڕ:

زمانى جەستەى ترەمپ سەرۆکى فینلەنداى توڕە کرد

فۆتۆ: 
2019-10-05

25479 جار خوێندراوەتەوە

جارێکى تر زمانى جەستەى دۆناڵد ترەمپ لە چاوى کامێراکانەوە بە نەشیاوى دەرکەوت لە بەرامبەر ساولى نینیستۆى سەرۆکى فینلەندا.

میدیا جیهانییەکان بە گرنگییەوە لە هەڵسوکەوت و زمانى جەستەى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەڕوانن و، بە وردى چاودێریى دەکەن.

ماڵپەڕی ڕووسیا تودەی ئاماژەی بەوە کردووە، جارێکى تر ترەمپ زمانى جەستەى هاوکاری نەبوو، چونکە لەکاتی میوانداریکردنى ساولى نینستۆى سەرۆکى فینلەندا ترەمپ هەوڵیدا بە دەستدان لە ئەژنۆى میوانەکەى بەستەڵەکى نێوان خۆی و ئەو سەرۆکە بشکێنێ، بەڵام سەرۆکى فینلەندا هەر زوو دەستى ترەمپى ڕەتکردەوە و، بە جۆرێک نیشانیدا کە نایەوێت ترەمپ دەستى لێ بدات.

چالاکێکى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە تەنزەوە نوسیوویەتى، "ئەتوانین سەرۆکى فینلەنداش بخەینە ڕیزى ئەو کەسانەى کە ترەمپ بێ وەرگرتنى رەزامەندى دەستى لێ داوە."

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو جۆرە دەست لێدانەى ترەمپ لە کلتورى فینلەندیدا بە بێڕێزیکردن لێکدەدرێتەوە.

ئەمەش یەکەم جار نییە ترەمپ بە هەڵسوکەوتە جیاوازەکانى سەرنجى میدیاکان و شارەزایانى بوارى زمانى جەستە بۆ لاى خۆى ڕادەکێشێت، وەک ئەوەى لە ساڵى ڕابردوو لەکاتى پێشوازیکردنى دۆناڵد ترەمپ لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا بینرا، کاتێک ترەمپ بە پەنجەیەکی دەستى چاکەتەکەى سەرۆکى فەڕەنساى پاککردەوە.

شارەزایانی بوارى زمانى جەستە پێیانوایە ترەمپ لە بەکارهێنانى زمانى جەستەدا زیرەکە و پێدەچێت لە پەیمانگایەک بە تایبەت ڕاهێنانى پێ کرابێت.