سەردێڕ:

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی عێراق: ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکاندا ھۆکاری نەمانی متمانە بووە

فۆتۆ: 
2019-10-05

1798 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ژاڵە محەمەد

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، ھەبوونی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکاندا ھۆکاری نەبوونی متمانەی ھاوڵاتیانە لە پرۆسەی سیاسیدا، ھەروەھا پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی عێراق دەربڕی.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا داواشی لە حکومەت کرد بە زوویی بەرنامەی چاکسازیی بنێرێتە پەرلەمان.

ھاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێمانوایە چاکسازی لە عێراق پاڵنەری چاکسازیش دەبێت لە کوردستان".

وتوشیەتی، "کۆبوونەوەی پەرلەمان بەبێ پرۆژەی روون بۆ چاکسازیی ریشەیی ھێندەی تر دۆخەکە ئاڵۆز دەکات".

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر داوایکرد، حکومەت دەست لەکاربکێشێتەوە وھەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت.

ھاوکات پەرلەمانتارانی سائیرون لەسەر داوای موقتەدا سەدر بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان دا.

خۆپیشاندانەکان لە عێراق، پارێزگاکانی بەغدا و بەسرە و میسان و کەرکوک و زیقار و کەربەلا و موسەننا و دیوانییەی گرتووەتەوە و، خۆپیشاندەران داوای دامەزراندن و دۆزینەوەی ھەلی کار دەکەن.

بەپێی ئامارێکیش تا ئێستا نزیکەی ٧٣ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە سێ ھەزار کەسیش برینداربوون، کە بەشێکیان لە ھێزە ئەمنییەکانن.