سەردێڕ:

وەزارەتی بەرگری: خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان لە لایەن قەناس بەدەستی نەناسراو دەکرێنە ئامانج

فۆتۆ: 
2019-10-05

3856 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، قەناس بەدەستی نەناسراو تەقە لە خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان دەکەن بە ئامانجی نانەوەی پشێوی و ئاژاوە.

شانەی راگەیاندنی ئاسایش سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە یەکەمین بەیاننامەی لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە رایگەیاندووە: ھێزەکانیان پابەندن بە بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی و، پاراستنی خۆپیشاندەران ھەروەھا بەکارنەھێنانی فیشەکی راستەقینە لە خۆپیشاندانەکاندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەھۆی تەقەی قەناس بەدەستەکان، دووکەس لە ھێزە ئەمنییەکان و دوو ھاووڵاتیی لە گۆڕەپانی تەیەڕان و نەخیل لەبەغدا، کوژراون.

ئەم بەیاننامەیەش دوای ئەوە دێت کە خۆپیشاندەران، ھێزە ئەمنییەکانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە فیشەکی راستەقینە دژ بە خۆپیشاندەران بەکاردەھێنن.

بە پێی ئاماری کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە، تاکو ئێستا ٧٣ کەس کوژران و زیاتر لە سێ ھەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.