سەردێڕ:

سەعید کاکەیی: کۆمیسیۆن ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە

فۆتۆ: 
2019-10-05

2304 جار خوێندراوەتەوە

سەعید کاکەیی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند ئەوان ئامادەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەن.

ئەو ئەندامەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ دیجیتاڵی میدیای ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشکرد، "لەبارەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەوە کۆمیسیۆن چاوەڕێی وەڵامی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکات".

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر داوایکرد، حکومەت دەست لەکاربکێشێتەوە وھەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت.

ھاوکات پەرلەمانتارانی سائیرون لەسەر داوای موقتەدا سەدر بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان دا.

خۆپیشاندانەکان لە عێراق، پارێزگاکانی بەغدا و بەسرە و میسان و کەرکوک و زیقار و کەربەلا و موسەننا و دیوانییەی گرتووەتەوە و، خۆپیشاندەران داوای دامەزراندن و دۆزینەوەی ھەلی کار دەکەن.

بەپێی ئامارێکیش تا ئێستا نزیکەی ٧٣ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە سێ ھەزار کەسیش برینداربوون، کە بەشێکیان لە ھێزە ئەمنییەکانن.