سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای گفتوگۆی نێوان بەغدا و خۆپیشاندەران دەکات

​ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان
فۆتۆ: 
2019-10-05

888 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە  نزیکەوە چاودێری دۆخی عێراق دەکەن، داواشیکرد حکومەتی عێراق و خۆپیشاندەران گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێس لە ڕاگەیەندراوێکیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ڕاشیگەیاندووە، پێویستە خۆپیشاندەران و حکومەت گفتوگۆ بکەن وەک یەکەم ھەنگاو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی وڵاتەکە و جەختکردەوە لە مافی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان کردن کە مافی سەرەتایی ھاوڵاتیانن و پێویستە ڕێزیان لێبگیرێت.

ناوبراو راشیگەیاندووە، نیگەرانە کە خۆپیشاندانەکان بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کەس، داواشی لە ھەموو لایەک کرد کە دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە توندوتیژی بەدووربگرن.
لەلایەکی دیکەوە مارتا ھورتادۆ وتەبێژی نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە "نیگەرانین لەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە ھەندێک ناوچە گولە و گولەی لاستیک و گازی فرمێسک ڕێژیان دژ بە خۆپیشاندەران بەکارھێناوە".

ھەروەھا وتیشی، پچڕاکی ھێڵەکانی ئینتەرنێت دەبێتە ھۆی پێشێلکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین و کاریگەری لەسەر وەرگرتن و گواستنەوەی زانیارییەکان دەبێت و پێدەچێت گرژییەکان زیاتر بکات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی بەغدا و بەسرە و میسان و کەرکوک و زیقار و کەربەلا و موسەننا و دیوانییەی بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران داوای دامەزراندن و بنەبڕکردنی گەندەڵی ودۆزینەوەی ھەلی کار دەکەن.

بەھۆی خۆپیشاندانەکانیشەوە گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە، کە بەگوێرەی ئامارێکی دوێنێی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، لەماوەی چوار رۆژدا لە سەرجەم شارەکانی عێراق ٣٨ کەس کوژراون کە زۆربەیان لە ریزەکانی خۆپیشاندەراندابوون، ھەروەھا نزیکەی دوو ھەزار کەسیش برینداربوون.