سەردێڕ:

موقتەدا سەدر داواى لە پەرلەمانتارانى فراکسیۆنەکەى کردووە بایکۆتى دانیشتنى سبەى پەرلەمان بکەن

فۆتۆ: 
2019-10-04

3402 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر سەرۆکى رەوتى سەدر داواى لە پەرلەمانتارانى سائیرون کردووە بەپەلە بڕیارى بایکۆتکردنى دانیشتنى سبەى پەرلەمانى عێراق بدەن.

لە نوسراوێکیدا کە ئەمڕۆ هەینى ٤ى تشرینى یەکەم بۆ هاوپەیمانى سائیرونى ناردووە، سەدر داواى لە پەرلەمانتارانى هاوپەیمانى سائیرون کردووە بەپەلە بڕیارى بایکۆتکردنى دانیشتنەکەى سبەى پەرلەمان بدەن.

سەدر داواشى کردووە، تا ئەو کاتەى بەرنامەیەکى حکومەت دەردەچێت گەل و مەرجەعییەت لێى رازى بێت نا بێت بەشدارى دانیشتنى پەرلەمان بکەن.

سەدر پێشنیازی بۆ تەواوى فراکسیۆنەکانى ترى پەرلەمان کردووە پابەندى ئەم بڕیارە بن لەپێناو "رەزامەندى خوا و گەل و مەرجەعییەت و کۆتایى بە زوڵم و ستەمى سەر ئەم میللەتە بێنن".

پێشتر موقتەدا سەدر داواى لە لایەنگرانى کرد مانگرتنى گشتى رابگەیەنن وەک پاڵپشتییەک بۆ خۆپیشاندەران کە چەند رۆژێکە شارەکانى ناوەراست و باشورى عێراقى گرتووەتەوە و بەهۆى توندوتیژیەکانى خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان لانى کەم ٣٠ کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون.