سەردێڕ:

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: خۆپیشاندانەکان کاریگەریی لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم نابێت

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: 
2019-10-04

8947 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووریی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کاریگەری لەسەر ناردنی موچەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نابێت، بەڵام پێدەچێت چەند ڕۆژێک دوابکەوێت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکان وا لە نوێنەرانی کورد لەبەغدا دەکەن، ئەوەی لە ٢٠١٩ سەبارەت بە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تێیان پەڕاند، نەتوانن جارێکی دیکە دوبارەی بکەنەوە، بەبێ ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا.

وتیشی، بودجە و موچەی کوردستان ئەوەندە گەورە نیە، " من خۆم عادل عەبدولمەھدیم ڕووبەڕوو بینیوە، بە ئاشکرا وتی بەھیچ جۆرێک دەست نابات بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەمساڵدا، بەڵام بۆ ٢٠٢٠  بەدڵنیایی کاریگەریی دەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتێکدا ھیچ خزمەتگوزاریەک لە ناوەڕاست و باشوری عیراق نیە، خۆپیشاندانەکان دەبێتە فشارێکی گەورە بۆسەر نوێنەران، وچاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت ئەوەی لە ٢٠١٩ ھەبووە مەحاڵە لە ٢٠٢٠ دووبارە ببێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکردووە، " ناڕەزایی خۆپیشاندەرانی عێراق بەتەنھا مووچە خۆران ناگرێتەوە، چونکە لە باشور و ناوەڕاستی عێراق نزیکەی ھەشت ملیۆن مووچەخۆر ھەیە، بەڵام کێشەی  سەرەکی عێراق کێشەی ئاسایش و خزمەتگوزاری و سەروەری یاسایە".