سەردێڕ:

فەڕەنسا: ئەمریکا و ئێران دەبێت لە ماوەی مانگێکدا گفتوگۆ بکەن

ژان ئیڤ لو دریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا
فۆتۆ: 
2019-10-04

2196 جار خوێندراوەتەوە

ژان ئیڤ لو دریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ئێران و ئەمریکا یەک مانگ کاتییان ھەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ھۆشداریشیدا لەبارەی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێرانەوە.

لو دریان لە وتارێکیدا لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی پەرلەمانی فەڕەنسا، ڕاشیگەیاند، ئێران پلانی ھەیە لە مانگی تشرینی دووەمی داھاتوودا چالاکییە ناوەکییەکانی زیاد بکات، بەوەش گرژییەکانی ناوچەکە دەستپێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، فەڕەنسا جەخت لە دەستپێشخەرییەکانی دەکاتەوە بۆ ڕێکخستنی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران و، ئەوە ئەرکی ئەو دوو وڵاتەیە کە لەم ماوە کورتەی لەبەردەمیاندایە، دەرفەتی گفتوگۆ بقۆزنەوە، چونکە ئێران ڕایگەیاندووە مانگی داھاتوو پابەندبوونی بە ڕێکەوتنی ناوەکی کەمدەکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، فەڕەنسا ماوەی چەند مانگێکە لە ھەوڵی نێوەندگریدایە لە نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان و ئەگەری ڕوودانی جەنگێکی کارەساتبار، لە دوایین ھەوڵیشیدا، دوو ھەفتە لەمەوبەر ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بەشێوەیەکی کتوپڕ و نھێنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و حەسەن ڕۆحانی ڕێکخست، لەو کاتەدا کە رۆحانی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بوو، بەڵام رۆحانی ڕەتیکردەوە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ بکات.