سەردێڕ:

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: پێدەچێت ئەمریکا ھێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە

فۆتۆ: 
2019-10-04

5410 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی نوسیویەتی، پێدەچێت ئەمریکا بۆ خۆپاراستن لە پێکدادانی نێوان ھێزەکانی تورکیا و شەڕڤانان، ھێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، تا دێت نیگەرانی بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری ھێرشی ھێزەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سوریا زیاددەکات و، ئەمریکاش دەیەوێت خۆی لەو شەڕە بەدووربگرێت.

بەرپرسانی ئەمریکیش ئەم ھەفتەیە ڕایانگەیاندووە، کە بەڵگەی زیاتریان ھەیە کە تورکیا ئامادەکاری کردووە لە چەند  ڕۆژ و ھەفتەی داھاتوودا ھێز ڕەوانەکی باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا بکات و بەوەش ھێزەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.
لەوبارەیەوە بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەکەی وتووە، ئەگەری پێکدادانی نێوان ھێزە تورکی و کوردییەکان وەکو "زریانێک" دەبێت کە ئەمریکا ھیچ بژاردەیەکی دیکەی نابێت جگە لە کشانەوە.

تا ئێستا ئەمریکا بە فەرمی تورکیای لەبارەی ئەگەری کشانەوەی ھێزەکانی لە سوریا ئاگادارنەکردووەتەوە، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لەوبارەیەوە بە ڕۆژنامەکەی وتووە، بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، تورکیا دەکەوێتە دۆخێکی خراپترەوە بەوەی دەبێت بەتەنھا مامەڵە لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد و روسیای پشتیوانی بکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ھۆشدارییەکانی تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر شەڕڤانان بەردەوامە، سەرباری ڕێکەوتنی تورکیا و ئەمریکا بۆ دروستکردنی "ناوچەی ئارام" لە سنوری نێوان تورکیا و سوریادا، خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیاش دوێنێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ھاوتا ئەمریکییەکەی ھۆشداریدا لە ئەگەری دواخستنی ڕێکارەکانی ناوچەی ئارام تورکیا ھێرشدەکاتە سەر باکوری سوریا.