سەردێڕ:

عێراق.. ژمارەی کوژراوان بەرزبووەوە

فۆتۆ: 
2019-10-04

5595 جار خوێندراوەتەوە

ھێزەکانی پاراستنی بەغدا تەقەیان لەو خۆپیشاندەر و ناڕازییانە کرد کە بەبێ ئەوەی ئاگاداری ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنی ھاتووچۆبن ھاتنە سەرشەقامەکان.

ژمارەی کوژراوانیش لانیکەم گەیشتووەتە ٢٠ کەس، ھەرچەندە تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاماری قوربانییەکانی سێ رۆژی رابردووی بە ٣٤ کەس بڵاوکردەوە.

عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ بەبێ دیاریکردنی کاتی کۆتایی، پێکھاتنی بۆ ڕێکخستنەوە و پێشگرتن بوو لە "ھاتنەناوەوەی تێکدەرانە".

سەرەڕای کوژرانی دەیان کەس لەماوەی سێ رۆژی ڕابردوودا، ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق سەدان برینداری لێکەوتەوە و، لە ئێستادا ھیچ ئاماژەیەک بۆ ئارامبوونەوەی دۆخەکە نییە.

خۆپیشاندەران لە گەندەڵی حوکمڕانی و ئیداری، نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و ڕێژەی بەرزی بێکاری نیگەرانن، ھەرچەندە وادەردەکەوێت خۆپیشاندانەکە ھەماھەنگکراوە بەڵام گەورەترین خۆپیشاندانەکانی عێراق لەماوەی ساڵی ڕابردوودا و لەکاتی دەستبەکاربوونی عادل عەبدولمەھدییەوە سەریھەڵداوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا نیگەرانی خۆیان نیشانداوە دەربارەی توڕەیی خۆپیشاندەران و داوایەکیان ئاراستەی عێراق کردوە دۆخەکە کۆنتڕۆل بکات.

حکومەتی ناوەندی عێراق دوای دوو ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکان، رۆژی پێنجشەمە بەشێوەیەکی دیارینەکراو یاسای قەدەغەکردنی ھاتوچۆی ڕاگەیاند و، تەنھا بۆ گەشتیارانی فرۆکەخانەکان و، ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و سەردانکردنی نەخۆشخانەکان ڕێگەپێدراون.
ھێزەکانی پاراستن شەقامە سەرەکییەکانیان داخست و، پردەکانی شاری بەغدایان کۆنترۆڵ کردوە، ھێڵی ئینتەرنێت خاوکراوەتەوە و خۆپیشاندەران توانای پەیوەندی و ھەماھەنگییان نییە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.