سەردێڕ:

وەزیری نەوتی ئێران: ھاوتا سعودییەکەم ھاوڕێی دێرینمە

فۆتۆ: 
2019-10-02

2353 جار خوێندراوەتەوە

بیژان زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی دەیان ساڵە ناکۆکی لە نێوان ئێران و سعودیەدا ھەیە، بەڵام وەزیری وزەی سعودیە ھاوڕێی دێرینیەتی.


زەنگەنە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی کۆنگرەیەکی تایبەت بە وزە لە شاری مۆسکۆ ڕایگەیاند، "شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان وەزیری وزەی سعودیە ماوەی زیاتر لە ٢٢ ساڵە ھاوڕێمە".
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا زەنگەنە ڕایگەیاندووە، لەدوای ھێرشەکانی سەر دامەزراوەیەکی نەوتی سعودیە، دۆخی بازاڕی نەوتی جیھان نزیکە ئاسایی ببێتەوە.
ھەروەھا وتیشی، تاران ھیچ ھەنگاوێک نانێت بە ئاڕاستەی زیادکردنی گرژییەکانی ناوچەی کەنداو، وتیشی "ھەمیشە لە ھەوڵداین ئاسایشی کەنداوی فارس و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا بپارێزین".
ئەم وتانەی زەنگەکە لەکاتێکدایە، پێشتر چەندین جار مشتومڕی توند لە نێوان نوێنەرانی ئێران و سعودیە لە کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی ئۆپێک ڕوویداوە.
عەبدولعەزیز بن سەلمان کە ئەندامێکی خێزانی شاھانەیە، لە مانگی ئەیلولدا پۆستی وەزارەتی وزەی سعودیەی گرتە دەست.