سەردێڕ:

دۆناڵد ترامپ: تۆمەتبارکردنم لەلایەن دیموکراتەکانەوە لە کودەتا دەچێت

فۆتۆ: 
2019-10-02

3348 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، ھێرشەکانی بۆ سەر دیموکراتەکان توندتر دەکات، و تۆمەتبارکردنەکەی لەلایەن دیموکراتەکانەوە بە بەکارھێنانی کورسی سەرۆکایەتیی بۆ مەرامی تایبەتیی، بە "کودەتا" دەچوێنێت.
لەو بارەیەوە ترەمپ لە تویتەری خۆی بڵاوی کردووەتەوە، "گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی کە ئەوەی دیموکراتەکان بەرامبەر من دەیکەن، تۆمەتبارکردن نییە، بەڵکو کودەتایە بۆ سەر دەسەڵاتی خەڵک، ئازادییەکانیان، بڕگەی دووی دەستووریان، ئایینیان، سوپایان، دیواری سنورییان (مەبەست لەو دیوارەیە کە وتبوی درووستی دەکەم لە سنوری ئەمریکا و مەکسیک)".

وتوشیەتی، "کودەتایە بەسەر مافی خواپێداویی وەکو ھاوڵاتییەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".

ئەمەش دوای ئەوە ھات کە ھەفتەی ڕابردوو، پارتی دیموکراتی ئەمریکا، بە فەرمی سکاڵای یاسایی لەسەر ترەمپ تۆمارکرد بە تۆمەتی بەکارھێنانی کورسیی سەرۆکایەتی بۆ مەرامی تایبەتیی.

لە سکاڵاکەدا ھاتووە کە ترەمپ لە ٢٥ی مانگی تەمموزی ڕابردوو، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، داوای لێکردووە کە ڕێکاریی یاسایی لە دژی کوڕەکەی جۆو بایدن-ی جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، ھەنتەر بایدن، بگرێتەبەر، کە پشکی لە گروپی کۆمپانیاکانی بوریسما، بۆ غازی سرووشتی، ھەیە و، ئۆفیسی سەرەکییان دەکەوێتە شاری کیڤ لە ئۆکرانیا.

ئەمە لەکاتێکدایە جۆو بایدن رکابەری سەرەکی ترمپ دەبێت لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.