سەردێڕ:

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بەهۆی هێرشەکانی سەر سعودیە بەرهەمی نەوتی عێراق زیادیکردووە

فۆتۆ: 
2019-09-28

1234 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی نوسیویەتی، هێرشەکانی سەر پاڵاوگەی نەوتی ئارامکۆ لە سعودییە سوودی بە وڵاتانی عێراق، ئیمارات و روسیا گەیاندووە، بەوهۆیەی لەدوای هێرشەکان کۆمپانیا سعودییەکە نەیتوانیووە نەوتی کواڵیتی بەرز بەرهەمبهێنێت و بازرگانانی ئاسیا ڕوویان لەو سێ وڵاتەکردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، هەرچەندە بەرپرسانی سعودیە ڕایانگەیاندووە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیای ئارامکۆ گەیەندراوەتە هەمان ئاستی پێش هێرشەکە، بەڵام کۆمپانیاکە نەیتوانیووە هەموو بەرهەمەکانی بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان.

چەند بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆ بە ڕۆژنامەکەیان وتووە، نەیانتوانیووە بەشێک لە بەرهەمەکانی نەوت بپاڵێون یاخود ئامادەیبکەن بۆ پاڵاوتن و هەناردەکردن بەهۆی ئەوەی بەشێک لە یەکەکانی کاری کۆمپانیاکە چاک نەکراونەتەوە، وتوشیەتی "بەرهەمی نەوت بابەتێکە و ئامادەکردنی نەوت بۆ فرۆشتن بابەتێکی دیکەیە".

ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە وتەیەکی سەماح ئەحمەد شارەزای بواری نەوت لە کۆمپانیای Kpler کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە بواری وزە، ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، ئیمارات زۆرترین سوودی لە هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکەی سعودیە بینیووە، هەروەها بەرهەمی نەوتی عێراقیش لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ٣١ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە، هاوکات بەشێک لە بازرگانە هیندییەکان لەبری نەوتی سعودیە نەوتییان لە روسییا کڕیووە.

رۆژی ١٤ی ئەیلول لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشکرایە سەر دوو دامەزراوەی سەرەکی ئارامکۆ، کۆمپانیای نەوتی سعودیە. حوسییەکان هەرزوو بەرپرسیارییەتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند بەڵام ئەمریکا ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتباردەکات.