سەردێڕ:

ڕوحانی: چاوەڕێی بەڵگەکانی ئەمریکاین لەسەر هێرشەکانی ئارامکۆ

فۆتۆ: 
2019-09-28

1321 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن ڕوحانی ڕایگەیاند تۆمەتی هێرشەکانی سەر ئارامکۆ هیچ بەڵگەیەکی ڕاست و دروستی نییە .

حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران دوای گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئەوەی خستەڕوو، هەستمانکرد لەنێوان دیپلۆماتکارەکان و میدیاکاندا دوولایەنی نەرێنییان بۆ دروستکردوین، یەکەمیان هەواڵی ناڕاستی تۆمەتی ڕووداوەکانی ئارامکۆی سعودیە بوو، دەیانەوێت ڕای گشتی و سیاسییەکان لە دەوری ئەم بابەتەدا کۆبکەنەوە و تۆمەتێک هەم لەناو کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەم لە میدیاکاندا بڵاوبکەنەوە. ئەو سیناریۆیەش لەلایەن ئەمریکا و سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکەوە دروستکرا کە خۆشبەختانە هەر لەسەرەتاوە ڕوسیا و تورکیا ئەم تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە و بە نادروست وەسفیانکرد.

 وتیشی نایانەوێت دانوستان لەگەل ئەمریکادا بکەن چونکە ئەو لایەنەی نایەوێت کێشەکان چارەسەربن ئەمریکایە، ئەگەرنا ئێران ترسی لە دانوستانەکان نییە.

وتیشی، ئەوان بەڵێنیان دابوو سەرجەم سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرن بەڵام شێوازی جێبەجێکردنەکەی قابیلی قبوڵکردن نییە، چونکە ئێران هەر لە قەیرانەکاندا دەهێڵنەوە و تەنانەت ئەگەر لە قاڵبی ٥+١ یشدا دانوستان بکەین کەس ناتوانێت پێشبینی بکات کە چی ڕوودەدات. ئێمە هیچ بیانوویەکمان بۆ ئەمریکا و ئەوروپا نەهێشتۆتەوە بەوەی دەیانووت ئێمە ئامادەی دانوستانەکانین و ئێران ئامادەنییە، ئێمە بە ڕوونی هەڵوێستی خۆمان خستۆتەڕوو کە لە ژێر فشار و سزادا هیچ دانوستانێک ناکەین.

ئەوەشی دووپاتکردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا پێویست بوو بۆ سیاسییەکانی جیهان ڕوونبێتەوە کە ئەمریکا ڕێگرە لە هەر دانوستانێک، پێشتریش سەرانی ئەمریکا ڕایانگەیاند دانوستان لەنێوان هەردوو سەرۆکی ئێران و ئەمریکادا ئەنجامبدرێت بەڵام ئێران ئەوەی ڕەتکردەوە و دەبێت دانوستانەکان لە قاڵبی ٥+١ دا بێت.

ڕوحانی لە حەفتا و چوارەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشداری کرد و کۆمەڵێکی زۆر لە سیاسییەکان و دیپلۆماتکارانی جیهانی تێیدا بەشداربوون.

ک.ع