سەردێڕ:

دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ریفراندۆم هەرێم بەرەو بەغدا دەڕوات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

فۆتۆ: 
2019-09-22

2353 جار خوێندراوەتەوە

دوای ٢٠١١ گرژییەکانی دەسەڵاتدارانی هەولێر و بەغدا روویان لە هەڵکشان کرد و، لە ریفراندۆمیشدا بەرەو تەقینەوە چوون، دوای دوو ساڵ لە ریفراندۆم هەرێم بەرەو بەغدا دەڕوات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانى.

پەلهاویشتنەکانی داعش و نزیکبوونەوەی لە سنورەکانی هەرێم و، دروستبوونى ئەو بیرکردنەوەیە لاى سەرکردایەتیى پارتى و یەکێتى، کە شتێک بە ناوى دەوڵەتى عێراقەوە نەماوە، کەڵکەڵەی جیابوونەوە و راگەیاندنی سەربەخۆیی خستە سەری سەرکردایەتیى ئەو دوو حزبەوە و پێیانوابوو، دەرکەوتنی داعش ئاوابوونی خۆری دەوڵەتی عێراقە و هاوکارییەکانى رۆژئاوایان بۆ پێشمەرگە لە شەڕى داعشدا بە پشتگیرى بۆ خۆیان لێکدەدایەوە.

کشانەوەی هێزە عێراقییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان و جێگیربوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە، وای لە سەرکردایەتیی هەردوو حزب، بە دیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان، کرد یەکلایەنە جاڕی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بدەن.

گەرچی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان بووە هۆی ئەوەی، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوامی شەڕ لەگەڵ ئەو رێکخراوە قسە و باسەکانی پەیوەست بە ریفراندۆم کەمڕەنگ ببنەوە، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ و لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی هەرەسهێنانى داعش، لە مانگی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا لە کۆبوونەوەی بەشێکی بەرچاو لە حزبە کوردستانییەکان لە هەولێر، رۆژی ٢٥ی ئەیلول وەک رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دیاریکرا.

بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی ناهاوسەنگی بەغدا لەگەڵ پێکهاتەی کورد، ئەو پاساوە بوو، کە بەرپرسانی هەرێم وەک پاڵنەرێک بۆ ریفراندۆم باسیان لێوە دەکرد.

لە بەرامبەردا لە هەرێمی کوردستان جوڵانەوەیەک بە ناوی نەخێر لە ئێستادا بۆ ریفراندۆم دروستبوو، کە ئەو بڕیارەی رەتکردەوە و بە هەنگاوێکی هەڵنەسەنگێنراو و مەترسیدار بۆ سەر داهاتووی هەرێم ناویبرد.

رەخنەگرانی ریفراندۆم سوربوون لەسەر ئەوەی شکستی سیاسەت و ئەزمونی حکومڕانی کوردی لەسەرووی هەموویانە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ، وایکرد هەرێم بکەوێتە قەیرانێکی قوڵەوە و هاوڵاتیانیش رووبەڕووی بێ موچەیی و دۆخێکی هاوشێوەی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو ببنەوە.

هەربەوتەی رەخنەگرانی هەنگاوی ریفراندۆم، دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی خۆیان، سوار شەپۆلی هەستى ناسیۆنالیستی بوون و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای ریفراندۆم و سەربەخۆیی سەرنجەکانیان لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هەموو شکستە سیاسیى و ئابووریی و دیبلۆماسییە دورخستەوە.

دوای دوو ساڵ لە ریفراندۆم و راست دەرچوونی پێشبینیەکانی بەرەی رەخنەگری ریفراندۆم، لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی هەرێم و لە سەرووی هەموویانەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، کە خۆی بە ئاڵاهەڵگری ریفراندۆم دەزانی، رووی بەرەو بەغدا وەرسوڕاندووە و لەوێ بەدوای چارەسەرکردنی کێشەکانەوەیە، بژاردەیەک کە بەر لە دوو ساڵ هەرکەس باسی لێبکردایە مۆری خیانەت لە ناوچاوانی دەدرا و نازناوی عێراقچی و بەکرێگیراوى عەبادى و داردەستی دووژمنانی پێدەبەخشرا.

بەڵام لە لایەکی تریشەوە، ئێستاش بەرەی بەلێ و ئەنجامدەرانی ریفراندۆم، ئەو کارە بە کارێکی گەنجاو دەزانن و پییان وایە ئەوە مافی میلەتێکە و گەرچی زەرەری هەبیت و لێکەوتەکانیشی خراپ بن، بەڵام مافی میلەتی کوردە و نابێت لە دەربرین و وتنی بترسین.