سەردێڕ:

پۆلیسى هاتوچۆی سلێمانى هۆکارەکانى دروستبوونی لۆدى لە شەقامەکان بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-09-22

6526 جار خوێندراوەتەوە

لە یەکەم رۆژی کردنەوەی دەرگای قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکاندا گرفتی هاتووچۆ لە بەشی زۆری شەقامەکانى سلێمانى دروستبوو، پۆلیسى هاتوچۆش هۆکارەکانى ڕوونکردەوە.

کاروان محەمەد وتەبێژى هاتوچۆى سلێمانى لە ڕوونکردنەوەیەکیدا ڕایگەیاند، لە هەندێک شوێندا قەرەباڵغی و لۆدى سەر شەقامەکان گەیشتە ئاستى خنکانی هاتووچۆ و، لەکاتی تەواوبوونی دەوامی ئەو شوێنانەشدا هەمان گرفت بەدیکرا و هۆکارەکانیشى بۆ دروستبوونى چەند خاڵێک گەڕاندووەتەوە.

کاروان محەمەد خاڵى یەکەمى بۆ زۆربوونی ژمارەی ئوتومبێل گەڕاندەوە، کە ئامارەکان دەریدەخەن تۆماری ئوتومبێل لە ئێستادا (٥٥٢،٧٨١) ئوتومبێل تەنها لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، جگە لە ئوتومبێلە میرییەکان، ئەمە جگە لەوەی رۆژانە ژمارەیەکی زۆری ئوتومبێلی شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، و ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی سلێمانی دەکەن.

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەى بەوەش کردووە، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تۆماری یەکەمجاری ئوتومبێل لە هاتووچۆی سلێمانی (٢٦،٤١٥) ئوتومبێل تۆمارکراوە. باسى لەوەش کردووە، ئایا ئەم ژمارە ئوتومبێلە لەگەڵ ژمارەی دانیشتووان و دۆخی ئێستای شەقامەکان دەگونجێت؟

لە خاڵى دووەمدا کاروان محەمەد باسی لەوە کردووە، لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئوتومبێل پڕۆژەی گرنگی ستراتیجی لە شاری سلێمانی بەدیناکرێت، شەقام و گۆڕەپان و یەکتربڕ و ڕێگاوبانەکان تا ڕادەیەک هەمان دۆخی ساڵانی پێشووتریان هەیە، فراوانبوون و نۆژەنکردنەوە بەپێی پێویست بەدیناکرێت.

وتەبێژى پۆلیسى هاتووچۆى سلێمانى ڕونیشیکردەوە، نەبوونی پڕۆژەی گرنگ لە بواری هاتووچۆ کە هاوکار و یارمەرتیدەربێت بۆ بەردەوامبوونی جووڵەی هاتووچۆ و دروستنەبوونی لۆد و قەرەباڵغی، وەک دروستکردنی (ئەندەرپاس، ئۆڤەرپاس و نەفەق).

ئاماژەى بەوەش کردووە، خراپیی سیستمی گواستنەوەی گشتی لە هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی بووەتە هۆى ئەوەى هاوڵاتییان بەگشتی بۆ هەموو کارەکانیان ئوتومبێلی تایبەتی بەکاردەهێنن، ئەمڕۆ ئەم هۆکارە بە ئاشکرا بەدیکرا کە دایکان و باوکان ئوتومبێلی خۆیان بەکارهێنا بۆ گواستنەوەی قوتابییەکانیان و ژمارەیەکی زۆری ئوتومبێل لە شەقامەکان بەدیکرا و بووە هۆی دروستبوونی لۆد و قەرەباڵغی.

ئاماژەى بەوەش کرد، دروستکردنی تاسەی دەستکرد (لەمپەری دەستکرد) کە ئامانج لە دانانی کەمکردنەوەی خێرایی و رووداوی هاتووچۆیە، بەڵام لە هەندێ لە شەقامەکان بووەتە هۆی دروستکردنی لۆد و قەرەباڵغی.

لە خاڵێکى تردا باسى لەوە کردووە، هاتووچۆکردنی ئوتومبێلی بارهەڵگری گەورە بۆ گواستنەوەی سووتەمەنی و کەلوپەلی بیناسازی و.. هتد لە شەقامەکان لەکاتی دەستپێکردنی دەوامی فەرمی و لە کۆتایی دەوامی فەرمی هۆکارە بۆ دروستبوونی لۆد لەسەر شەقامەکان.

دەشڵێت، کارنەکردن و دەستپێنەکردن لە دروستکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی شاری سلێمانی، کە دەکرێت بڵێین بە دروستکردن و تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە بەشێکی باش لە گرفتی لۆد و قەرەباڵغیی شاری سلێمانی چارەسەردەکرێت.

لە کۆتاییدا وتەبێژى هاتوچۆى سلێمانى لەبارەی هۆکارى دروستبوونى قەرەباڵغى لەسەر شەقامەکان دەڵێت، "کارنەکردن بەپێی پێویست بە پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی، دروستکردنی چەندین پڕۆژەی گەورە لەسەر یەک شەقام و لە یەک ناوچە و ڕەچاونەکردنی ژمارەی سەردانیکەرانی ئەو پڕۆژانە، بۆ نموونە دروستکردنی چەندین قوتابخانە و خوێندنگە لە یەک شوێندا.