سەردێڕ:

سلێمانی.. ئاسایش تۆمەتبارانى تەقەكردن لە لقی چواری پارتى دەستگیركرد

فۆتۆ: 
2019-09-22

10416 جار خوێندراوەتەوە

ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، تۆمەتبارانی رووداوی تەقەكردن لە لقی چواری پارتى لە سلێمانی دەستگیركردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکى بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، " ئەو كەسەو هاوكارەكەی دەستگیركراوە كە لەچەند شەوی رابردودا لەسلێمانی تەقەیان لەبینای لقی چواری پارتی كرد".

ئاماژەبەوەشکراوە، "توانراوە لەماوەی كەمتر لە ٤٨ کاتژمێر كەسی تەقەكەرو هاوكارەكەی دەستگیربکرێن و دانیان بەتاوانەكەدا ناوەو بەسەربەخۆ كارەكەیان كردوو".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، " شەوی ١٩ لەسەر٢٠ی ئەیلولى ی ٢٠١٩، کاتژمێر ١١ و ٤٥ خولەک لەڕووداوێكدا چەند گولەیەك ئاڕاستەی بینای لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لەشەقامی سالم كرا و هێزەكانمان بەسەرپەرشتی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم و رێنمایی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی راسپێردران بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە".

ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكردوە،"جگە لەدەستگیركردنی تەقەكەرەكەو هاوكارەكەى، دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گیراوە كە كارەكەی پێ ئەنجامدراوە كە لەجۆری لاندكرۆزەری ستەیشنە، وهەروەها دەستبەر ئەو چەكەشدا گیراوە كە تەقەكەی پێكراوە كە لەجۆری (هۆك)ە".

شەوى هەینى ٢٠ لەسەر ٢١ى ئەم مانگە تەقە لە لقى چوارى پارتى لە سلێمانى کرا و زیانى گیانى لێ نەکەوتەوە، شەوى دواتریش لە هەولێر تەقە لە دوو کۆمیتەى یەکێتى کرا، جێگرى بەرپرسی مەڵبەندى هەولێرى یەکێتیش رایگەیاندبوو، تەقەکردنەکەى هەولێر بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووە.

رووداوى تەقەکردنەکان لەکاتێکدایە ڕۆژى هەینیى ڕابردوو مەحمود سەنگاوی ئەندامى مەکتەبی سیاسیی یەکێتى لە بازگەى سماقوڵى رێگریی لێ کرا بچێتە هەولێر بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسیى حزبەکەى و، ئەوەش ناکۆکیى خستە نێوان بەشێک لە بەرپرسان و جەماوەرى ئەو دوو حزبەوە.