سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى وەڵامى بارزانى بۆ نامەکەى کۆسرەت رەسوڵ ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2019-09-21

100083 جار خوێندراوەتەوە

لە دواى رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرەوە، بۆ یەکەمجارە ناکۆکییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى بگاتە ئەم قۆناغەى ئێستا، بەشێوەیەک ئەو ناکۆکییەکانە کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی یەک لیستیی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان دوابخات.

رۆژى ١٩ى ئەم مانگە، بەهۆى رێگریکردن لە مەحمود سەنگاوى ئەندامى مەکتەبى سیاسی یەکێتى بۆ چونە شارى هەولێر، کۆسرەت رەسوڵ جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى نامەیەکى نیگەرانى ئاراستەى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى کرد، دەربارەى وەڵامى بارزانیش بۆ نامەکە، عوسمان بانیمارانى ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى بۆ ئێن ئاڕ تى ئاشکراکرد، پارتى بە زارەکى وەڵامى نامەکەى داوەتەوە و دەڵێن بابەتى رێگریکردن لە مەحمود سەنگاوى بۆ چونە هەولێر پەیوەندى بە مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتییەوە نیە و پەیوەندى بە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە هەیە.

بەڵام تا ئێستا جگە لە راگەیەنراوێکى وەزارەتى ناوخۆى هەرێم لەسەر رووداوەکە، حکومەتى هەرێم هیچ هەڵوێستێکى فەرمى دەرنەبریووە.

وەک ئەندامەکەى سەرکردایەتى یەکێتى دەڵێت، لە ژێر فشارى ئەندام و لایەنگرانى حزبەکەیانن کە ئەگەر پارتى رێکەوتنەکەیان دەربارەى حکومەت و کەرکوک جێبەجێ نەکات، ئەوا یەکێک لە ئەگەرەکان کشانەوەیان دەبێت لە حکومەت، بەڵام بە فەرمى بە پارتى نەوتراوە.

دەربارەى دوو ئیدارەیی لە هەرێمى کوردستان، ئەندامەکەى سەرکردایەتى یەکێتى دەڵێت، تا ئێستا بە فەرمى باس لە دووئیدارەیی نەکراوە لە ناو حزبەکەیدا.

دەربارەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتى، وتەبێژى پارتى بە میدیاى حزبەکەى وتووە، دەبێت لەگەڵ یەکێتى ئەو بابەتە لاوەکییانە تێپەرێنن کە دێنە پێشەوە و دەبێت بەشێوازێک رەفتار بکەین کە جارێکى دیکە دووبارە نەبنەوە و نەبنە رێگر لە بەردەم یەکریزى و تەبایی نێوخۆى.

وەک وتەبێژەکەى پارتى دەڵێت، هەڵوێستى خۆیانیان بە یەکێتى گەیاندووە و ئومێد دەکەن کە هیچ کێشەکى ئەوتۆ ڕوونەداتەوە.

پێشتریش بەرپرسانى پارتى رایانگەیاند بوو، بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتى زۆر لەوە گەورەترە کە بەشێتکى وا بچووک تێکبچێت.

هاوکات ماڵپەرى درەومیدیا لە زارى سەرچاوەیەکى باڵاى پارتییەوە بڵاویکردوەتەوە لە ماوەی رابردوودا جموجوڵەکانى یەكێتی لە هەولێر سەركردایەتی پارتی نیگەرانكردووە، چونکە زۆرینەی هەرە زۆری سەركردەكانی یەكێتی لە سلێمانین، بەڵام بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی دەچنە هەولێر.