سەردێڕ:

هاتوچۆى دەربەندیخان چۆنییەتى رووداوەکەى ئەمڕۆ دەگێڕێتەوە

فۆتۆ: 
2019-09-21

17910 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى دەربەندیخان چیرۆکى رووداوەکەى ئەمڕۆى رێگاى نێوان وارماوە - دەربەندیخان دەگێرێتەوە کە بەگوێرەى گێڕانەوەکەى، هۆکارى رووداوەکە تیژڕەویی بووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوەکردووە، "کاتژمێر ١٠:١٥ خولەکى بەیانی ئەمڕۆ لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، هاوڵاتییەک بە بەڕێوەبەرێتیمانەوە پێی ڕاگەیاندوون، کە ئۆتۆمبێلێکی مارسیدسی ڕەنگ سپی لەنزیک گوندی میرەدێ زۆر بەخێرایی و هەڵەشەی و تیژڕەوی دەڕوات و شۆفێران و ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەرى لە پاش و پێشی خۆی سەغڵەت دەکات و ناچاریان دەکات ڕێگاکەی بۆچۆڵ بکەن."

راشيگەیاندووە، بەوتەی شۆفێرەکە هەوڵی داوە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە تیژڕەوەکە وەربگرێت، بەڵام بەهۆی خێراییەکەیەوە نەیتوانیوە ژمارەکەى بخوێنێتەوە.

بەپێی گێڕانەوەکەى هاتوچۆى دەربەندیخان دواى پەیوەندییە تەلەفۆنیەکە لەهەوڵی ئەوەدابوون مەفرەزەکانی هاتوچۆی وارماوا ئاگاداربکەنەوە تاوەکو ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر ئەو ئۆتۆمبێلە بکەن، بەڵام زۆری نەخایاند هەمان شۆفێر دووبارە تەلەفۆنی کردەوە، بەڵام بەدواکارییەکى جیاوازترەوە کە داوای ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و مەفرەزەی پۆلیس و هاتوچۆی کرد بەهۆى ئەوەى ئۆتۆمبێلە مارسیدسەکە خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی نیسان سدریک و چوارکەس تیایدا گیانیان لەدەستداوە و شۆفێری مارسیدسەکە کە ئۆتۆمبێلە تیژڕەوەکە بووە، بەسەختى برینداربوو.

بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى دەربەندیخان هۆکارى رووداوەکەى بە خراپ مامەڵەکردنی شۆفێر بەئۆتۆمبێلەوە گەڕاندووەتەوە.