سەردێڕ:

ئاسایشى منبج: گەورەترین شانەی نوستووى داعشمان دەستگیرکردووە

 بەرپرسیارییەتییان لە چەندین هێرش و تەقینەوە هەبووە
فۆتۆ: 
2019-09-21

4146 جار خوێندراوەتەوە

هێزى ئاسایشی ناوخۆى منبج ئاشکرایکرد، لە ئۆپراسیۆنێکدا گەورەترین شانەى نوستووى داعشیان دەستگیرکردووە.

میدیاى رۆژئاواى کورستان لە زارى هێزى ناوخۆى منبج و گوندەکانى دەوروبەرى شارەکە بڵاویکردووەتەوە، شانەیەکى نوستووى داعشیان لە ناو شارەکە دەستگیرکردووە کە لە ١٨ کەس پێکهاتوون و حەوتیان ژنن.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو شانە رێکخراوەى داعش لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى ئەبو مستەفا بەڕێوەبراوە کە بەرپرسیارییەتی لە چەندین تاوان و هێرشیان لە ناوخۆى گوند و شارى منبجدا گرتووەتە ئەستۆ و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تائێستا چەندین تەقینەوە و هێرش لە شارى منبج ڕوویداوە و بەشێکى زۆریان لەلایەن داعشەوە کراون و بەرپرسیارییەتیی خۆیان تیایدا راگەیاندووە، دیارترینیان تەقینەوەى رۆژى ١٦ى کانونى دووەمى ئەمساڵ کە لەناو چێشتخانەیەکى شارەکە روویدا و تیایدا ١٩ کەس کوژران و کە چوار لە کوژراوەکان سەربازى ئەمریکى بوون.