سەردێڕ:

هەولێر.. کۆبوونەوەى لایەنەکان بەهۆى گرژییەکانى یەکێتى و پارتى دواخرا

بڕیاربوو تاوتوێی یەک لیستى بکرێت
فۆتۆ: 
2019-09-21

4683 جار خوێندراوەتەوە

کۆبوونەوەی نێوان لایەنە کوردستانیەکان لەسەر پرسی پێکهێنانی یەک لیستیی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوە بچێت، بەهۆی گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دواخرا.

 رزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوابەدوای رێگرییکردن لە مەحمود سەنگاوی لە بازگەی سماقۆڵی لەگەڵ وەفدی هاوبەشی پارتی بڕیاریانداوە تا هێوربوونەوەی دۆخەکە، کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان دوابخرێت.

 کۆبوونەوەکە بڕیاربوو ١١ لایەنى سیاسی بەشداری تێدا بکەن بۆ پێکهێنانى یەک لیستى کوردى لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.

 سەبارەت بە هەنگاوەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، رزگار عەلی وتی، لەگەڵ مەسعود بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی قسەیان کردووە و بۆ ئەوەی ئەو کارەی کردوویانە چاکی بکەنەوە.

 رۆژی ١٩ ی ئەیلول لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، لە بازگەی سماقوڵی رێگری لەوەکراوە مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان بچێتە هەولێر.

 دوابەدوای ئەو رووداوە درەنگانی شەوی پێنج شەممە بەرپرسانی پارتی رایانگەیاند، لە سلێمانی تەقە لە بارەگای لقی چواری ئەو حزبە کراوە و شەوی هەینیش بەرپرسانی یەکێتی باسیان لەوەکرد، لە هەولێر تەقە لە بینای کۆمیتەکانی چوار و پێنجی حزبەکەیان کراوە.