سەردێڕ:

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆتایی ھات و ھیچ بریارێکیان لەسەر رێگریکردن لەمەحمود سەنگاوی نەدا

تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد
فۆتۆ: 
2019-09-20

25111 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک بەر لەئێستا کۆبوونەوەى مەکتەبی سیاسی یەکێتى کۆتایی هات و وتەبێژى ئەو حزبەش رایگەیاند، لە كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ پابه‌ندی رێكکه‌وتنەکەیان ده‌بن له‌گه‌ڵ پارتی، بەبێ ئەوەی ھیچ شتێک لەبارەی رێگریکردن لەمەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکە بلێت.

له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی یه‌كێتیی بە ماڵپەڕى فەرمى حزبەکەى راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەوەکردووەتەوە، ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم پێویسته‌ به‌وریایه‌وه‌ به‌رپرسیاریه‌تی خۆیان له‌پاراستنی ئه‌من و ئاسایش جێبه‌جێ بكه‌ن، بەدواداچوون بۆئەوەکرا كه‌ كه‌موكوڕیه‌ك هه‌بووه‌، ده‌زگاكان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه‌ ئه‌كتیڤیان كردووه‌ و هه‌روه‌ها له‌داهاتووشدا رێنماییان پێبدرێت".

لەبارەى رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتى له‌تیف شێخ عومه‌ر باسی لەوەکردووە، گفتوگۆ لەوەشکراوە جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی رێكه‌وتنی سیاسی و ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ی په‌یوه‌یسته‌ به‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌ته‌وه‌ زه‌مانه‌تی درێژه‌ پێدانی رێكه‌وتنه‌كانیانه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ پابه‌ندی رێكه‌وتنیان ده‌بن له‌گه‌ڵ پارتی، هه‌رچیه‌ك له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا هه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت".

وتیشی، لیژنه‌یه‌كیان هه‌یه‌ بۆئەوەى بەدواداچوون بۆ رێککەوتنەکەى نێوان یەکێتى و پارتى بکات لەبارەى کەرکوک و چی پێویسته‌ بكرێت.

وتەبێژى یەکێتى لەبارەى رووداوى رێگرییکردن لەچوونی مەحمود سەنگاوى ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە بۆ هەولێر ئاماژەى بە هیچ بڕیارێک نەدا کە لە کۆبوونەوەکە درابێت، ئەگەچى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ درێژکراوەى ئەو کۆبوونەوەیەى دوێنێ بوو کە بڕیار بوو لە هەولێر بکرێت و بەهۆى ئەو رووداوەوە نەکرا.