سەردێڕ:

پێنتاگۆن: بەردەوام دەبین لە پڕچەککردنی هەسەدە

فۆتۆ: 
2019-09-19

4570 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن رایگەیاند، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پڕچەککردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و زۆر بەڕوونی ئەوەش لەگەڵ تورکیا باسدەکەن.

کریس مایەر بەڕێوەبەری گروپی کاری پنتاگۆن بۆ شەڕی دژ بە داعش بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ڕەوانەکردنی چەکی پێویست و ئوتومبیلی سەربازی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، و لەوبارەیەشەوە زۆر شەفاف بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، "مانگانە ڕاپۆرتی گەیاندنی چەک و ئوتومبیلە سەربازییەکانیان بۆ هەسەدە دەدەن بە تورکیا"، ئەوەش بە گوێرەی ڕێکەوتنێکی پێشتری واشنتۆن و ئەنقەرە.

سەبارەت بە ناوچەی ئارامی سوریاش کە مایەر بە "ڕێکارێکی ئەمنی" وەسفیکردووە، ڕایگەیاندووە پێنج فڕۆکەی هێلیکۆپتەری ئەمریکا و تورکیا بەشداربوون لە چالاکی دەوریەی هاوبەشی ئەو دوو وڵاتە کە ڕۆژی ٨ی ئەیلول بەڕێوەچووە.

مایەر وتیشی، هەرچەندە بەشێک لە هێزە کوردییەکان لە ناوچەی ئارام کشاونەتەوە و هێزی عەرەبی جێگەی گرتوونەتەوە بەڵام بەشێک لە هێزەکانی یەپەگە لە ناوچەکەدا ماون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تورکیا بەردەوامە لە دەربڕینی ناڕەزایی سەبارەت بە پڕچەککردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلایەن ئەمریکاوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش هۆشداریداوە لەوەی ئەگەر لە دوو هەفتەی داهاتوودا ناوچەی ئارام ئەنجامی نەبێت پلانی ئۆپراسیۆن جێبەجێدەکەن.