سەردێڕ:

بەغدا بڕیاری ناردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەرکرد

بڕیارەكەش گەیشتە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق
فۆتۆ: 
2019-09-19

43950 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ناوەندی بەغدا فەرمانی ناردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەركرد و بڕیارەكەش گەیشتە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.

چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٩ یاخود یەكشەممەی داهاتوو، حکومەتی ناوەندی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران بخاتەسەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیارە ئەو وەزارەتانەی کە مووچەیان وەرنەگرتووە موچە وەربگرن.

هاوکات تائێستاش بەرپرسانی دارایی هەرێم هیچ لێدوانێکیان نەداوە لەسەر کاتی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوشدا، وەفدێکی عێراق بەسەرۆکایەتی سەرۆک کۆمار و وەزیری دارایی عێراق گەیشتنە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە و سەردانی پەرلەمانی کوردستانیشیان کرد.

هاوکات جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌ت رایگه‌یاند، کەشێکى ئەرێنى هەبووە و هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ چارەسەرى کێشەکان و لە کۆبونەوەکەشدا تێبینیەکانى هەرێم لەسەر بودجە و کیشە داراییەکان وەرگیراون.

وتەبێژى حکومەت ئاماژەى بەوەشکرد، وردەکارییەکانى بودجە و داواکارییەکانى هەرێم پێویستى بە گفتوگۆ و کۆبونەوەى زیاتر هەیە.

هەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بڕیارە ئەمڕۆ ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٩، محمد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش بگاتە هەولێر و بەشداری گفتوگۆکان بکات.

ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠١٩، شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، کە یەکێک لە مەرجەکانی هەولێر بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بریتی بوو لە گرەنتیکردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی ھەرێم و جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی سیادیی عێراق.