سەردێڕ:

سلێمانى.. چیرۆکى گەنجێکى تەمەن ٢٥ ساڵ کە خێزانەکەى بە ناچارى بە گوریس بەستویانەتەوە

فۆتۆ: 
2019-09-18

23067 جار خوێندراوەتەوە

سەنگەر گەنجێکی تەمەنی ٢٥ ساڵە و نەخۆشیی ئیفلیجیى دەماغی هەیە و ناتوانێت قسە بکات، بۆیە لەلایەن خێزانەکەیەوە بە گوریس بەستراوەتەوە، باوکیشی گلەیی لە رێکخراوەکان و حکومەتی هەرێم دەکات کە بە هانایەوە نەهاتوون.

سەنگەر خەڵکی ڕانیەیە و لەگەڵ خێزانەکەی ساڵێکە لە سلێمانی نیشتەجێیە، وەک باوکی سەنگەر دەڵێت، هانای بۆ زۆر شوێن بردووە بۆئەوەی یارمەتیی منداڵەکەی بدەن، بەڵام نە لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت و نە هیچ ڕێکخراوێکی مرۆیی دەرگای لێ نەکردووەتەوە.

باوکى سەنگەر ناچارە کوڕەکەی ببەستێتەوە، چونکە کە ڕۆشتە دەرەوە گەڕانەوەی نییە، دەشڵێت، بەردەوام خۆی پیس دەکات، هەربۆیە لە حەوشەی ماڵەکەیدا دەیبەستنەوە.

ئەو هەر لە منداڵییەوە خاوەن پێداویستیی تایبەتە و موچەی لە حکومەت هەیە، بەڵام موچەکەی وەک هەر خاوەن پێداویستییەکی دیکە دوادەکەوێت.

سەنگەر لەژێر سێبەری داری حەوشەی ماڵەکەیان ڕۆژ و شەو بەسەردەبات و جاروباریش هاواردەکات، لە خانوویەکی کرێدا ژیان بەسەردەبەن و وەک باوکی دەڵێت، توانای ئەوەی نییە کە پێداویستییەکانی کوڕەکەی دابین بکات و چارەسەری پێویستی بۆ بکات.