سەردێڕ:

هەرێم.. مەترسی و لێکەوتەکانی نەبوونی یاسای بودجە

فۆتۆ: 
2019-09-18

2168 جار خوێندراوەتەوە

ئەمە دوایین یاسای بودجەی هەرێمە بۆ ساڵی ٢٠١٣، ئیتر لەو کاتەوە تا ئێستا، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ نزیکدەبینەوە، هەرێم هیچ یاسایەکی بودجەی نەبووە و نازانرێت بڕی داهات و خەرجییەکان چەندە بوون و چی لە داهاتی نەوت و ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان کراوە.

ئەگەر لە وڵاتانی پێشکەوتوودا رۆژێک دواتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی پڕۆژە یاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، ئەوا دەبێتە هەواڵی گرنگی میدیاکان و بابەتی گەرمی رۆژ، چ جای ئەوەی ساڵێک بەبێ یاسای بودجە بەڕێبکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان شەش ساڵی تەواوە هیچ پرۆژە یاسایەکی بودجە نەبراوەتە پەرلەمان و، چاوەڕوان دەکرێت ساڵی داهاتووش هەرێم هیچ یاسایەکی بودجەی نەبێت، گەرچى سەرۆکى پەرلەمان وتى کە حکومەت بەڵێنیداوە پرۆژە یاساى بودجە بنێرێتە پەرلەمان.

لە دوایین یاسای بودجەی هەرێم، کە ساڵی ٢٠١٣ بوو، داهاتی گشتی بە زیاتر لە ١٥ ترلیۆن دینار خەمڵێندرابوو، کە زیاتر لە ١٤ ترلیۆنی لە بەغداوە رەوانە دەکرا، بەڵام لە دوای بڕیاری فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و رادەستنەکردنی نەوت بە بەغدا، ئیتر بەشە بودجەی هەرێم بڕدرا و شتێک لە هەرێم نەما بە ناوی یاسای بودجەوە، کە گرنگترین کۆڵەکەی ئابووریى هەموو حکومەتێکە.

لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ٢٠١٨دا، کە پرۆژە یاسای بودجە نەبووە، حکومەت راپۆرتی کۆتایی خەرجییەکانی بۆ پەرلەمان ناردووە، بەڵام ساڵی ٢٠١٥ نەتوانرا راپۆرتی کۆتایی ئامادەبکرێت، واتە لەو ساڵەدا نە یاسای بودجەو نە ڕاپۆرتی کۆتایی خەرجییەکانیش نەبووە.

بەشێکی شارەزایانی بواری ئابوریی دەڵێن، نەبوونی یاسای بودجە چەندین مەترسی و لێکەوتەی خراپی هەیە کە دیارترینیان بریتین لە:

یەکەم: دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی گەندەڵیی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی چونکە کەس نازانێت سەرچاوە  و بڕی داهاتی هەرێم چەندەیە و چۆن سەرفدەکرێت و تەنانەت پەرلەمانیش ناتوانێت لێپرسینەوە لەبەرپرسانى حکومەت بکات و چاودێر بێت بەسەر چۆنیەتى سەرفکردنى بودجەوە.

دووەم: نەبوونی یاسای بودجە لە ساڵانی رابردوودا بووەتە هۆی بێبەشکردنی هەرێم لە قەرز و هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان.

سێهەم: بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە دیوانی چاودێری دارایی ناتوانێت بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی خەرجیەكانی حكومەت بكات.

چوارەم: بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە ناشەفافی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا زیاتر بووەو ناعەدالى زۆریش لەنێوان سێکتەرە جیاوازەکاندا سەریهەڵداوە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی هەرێم یاسای بودجەی نەبووە لە شەش ساڵی رابردوودا، لە ئەمساڵیشدا تا ئێستا پابەندی یاسای بودجەی عێراقیش نەبووە بۆ ساڵی ٢٠١٨، کە بەو هۆیەشەوە نیوەی ئەو بڕە پارەیە رەوانەی هەرێم کراوە کە لە بودجەدا دیاریکراوە، کە ئەوەش سەرئەنجام هاووڵاتییان بە گشتى و موچەخۆرانى هەرێم بە تایبەتى باجەکەیان داوە.