سەردێڕ:

هاوپەیمانان هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ یەکخستنەوەى پێشمەرگە

فۆتۆ: 
2019-09-18

4359 جار خوێندراوەتەوە

ماوەى ١٣ ساڵە هەردوو حزبى دەسەڵاتدار پارتى و یەکێتى دەڵێن، هێزەکانى پێشمەرگە یەکدەخەنەوە، ماوەى چەند ساڵێکیشە هاوپەیمانان هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ یەکگرتنەوەى پێشمەرگە، بەڵام تەنها لە چوارچێوەى قسەدا ماوەتەوە و نەبووەتە کردار.

لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە، کە هەر دوو کابینەی هەولێر و سلێمانى یەکیانگرت بۆ پێکهێنانی کابینەی پێنجەمى حکومەت، پارتی و یەکێتی باسیان لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد، لەو کاتەشەوە تا ئێستا بە چەندین شێوەى جیاواز بەڵێنی یەکگرتنەوەى هێزەکانیان داوە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا بە کردەوە یەکگرتنەوەکەیان جێبەجێ نەکردووە.

ژمارەى هێزەکانى ٨٠ى پارتى، دەگاتە زیاتر لە ٦٠ هەزار پێشمەرگە، هەروەها ژمارەى هێزەکانى ٧٠ى یەکێتى، دەگاتە ٥٥ هەزار بۆ ٦٠ هەزار پێشمەرگە.

وەزارەتى پێشمەرگە لە ١٤ لیوا و پێنج فەوج پێکدێت، ژمارەیان دەگاتە ٤٢ هەزار پێشمەرگە و هاوبەشن لە هێزەکانى ٧٠ى یەکێتى و ٨٠ی پارتى، بەڵام تا ئێستا بە تەواوەتى یەکیان نەگرتووەتەوە.

لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا، ئەمریکا و هاوپەیمانان هەوڵەکانیان دەستپێکرد، بۆ یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە، بەڵام ئەو هەوڵانە نەبووە هۆی یەکگرتنەوەى پێشمەرگە، ئەوەش هاوپەیمانانى نیگەرانکردووە، بەڵام لە ئێستادا پارتى و یەکێتى لەژێر فشارێکی نێودەوڵەتیدان بۆ یەکخستنەوەی ئەو هێزانە.

ئەگەر بێتو هێزەکانى پێشمەرگە یەکنەگرنەوە، ئەوا هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا ئەو هاوکارییە دەبڕن، کە مانگانە ٢٢ ملیار دینار وەک هاوکاری دەدەن بە هێزەكانی پێشمەرگە.

مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی هێزەکانی ٧٠ی یەکێتی لە بەرنامەى تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا وتى هێزەکانی هاوپەیمانان، وەکو ئەمریکا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و بەریتانیا یەکێک لە مەرجەکانیان بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی پێشمەرگە، یەکگرتنەوەى هێزەکانە و هەروەها وتیشى دەبێت هێزی حەفتا و هەشتا نەمێنێت، هەموو پێشمەگەر یەکجۆر موچە و چەک و پێویستیی هەبێت.

 ئەگەرچی لە وەزارەتى پێشمەرگە تا ئێستا هەندێک هەنگاو نراون بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، بۆ نمونە ١٢ لیوا یەکخراونەتەوە، ئەوەش بە جۆرێکە کە ئەگەر بەرپرسی لیواکە یەکێتی بێت، دەبێت جێگرەکەی پارتی بێت، یاخود ئەگەر بەرپرسەکەی پارتی بێت دەبێت جێگرەکەی یەکێتی بێت، بەڵام لیواى ١٤ سەرجەمیان پارتین، هەروەها لیواى ١٦ سەرجەمیان یەکێتین، بەڵام سەرجەمیان سەر بە وەزارەتى پێشمەرگەن.

بەشێک لە بەرپرسانى وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێن، بەهۆى شەرى داعش و رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرەوە، هێزەکانى پێشمەرگە زۆر پەرتەوازە بوون و پێویستە لە قۆناغى سەرەتادا ئەم هێزانە رێکبخرێتەوە و دواتر تێکەڵاو بکرێت و رێکبخرێتەوە.

بەشێکى دیکە لە شارەزایانى پێشمەرگە دەڵێن، ئەو پارەى لە ماوەى چەندین ساڵە بۆ هێزەکانى پێشمەرگە خەرجکراوە، دەبوو ئێستا ئەم هێزانە هێزێکى یەکگرتووى نیشتیمانى بونایە.