سەردێڕ:

​بەغدا لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک پێکهێنا

فۆتۆ: 
2019-09-18

1766 جار خوێندراوەتەوە

 حکومەتی عێڕاق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک پێکهێنا و هەشت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەکەش ئەندامیان لە لیژنەکەدا دەبێت.

بەپێی فەرمانێکی دیوانیی ژمارە ٤١، کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا دەرکراوە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک، لیژنەکەش دەبێت لە ماوەی دوو مانگدا کارەکانی تەواوبکات.

بەپێی فەرمانەکە، بەڕێوەبەرێکی گشتیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و، بەڕیوەبەری فەرمانگەی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی کەرکوک و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی و یاسایی لە وەزارەتی تەندروستی و، بەڕیوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری هونەری ئەندامن لە لیژنەکەدا.

هەر بەپێی فەرمانەکە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق چاودێریی کارەکانی لیژنەکە دەکات و هاوکاریش دەبێت لە کارەکانیاندا.

ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە لە کۆتاییەکانی مانگی حەوتی ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەموارکردەوە و تێیدا هاتووە کە دەبێت لێکۆڵینەوە لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک بکرێت.