سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێکی دەرکرد

فۆتۆ: 
2019-09-18

37064 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەی رێکخستنەوەی دەروازە سنورییەکان و ئاسانکاریکردن بۆ ئەو کەسانەی کە قەرزی کشتوکاڵیان کردووە، بە شێوەیەک کە بارگرانی نەخاتە سەر گوزەرانی جووتیاران.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە  و لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەکەوەشدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێت بۆ یەکەوەبەستنەوەی دەروازە گومرگییەکان بەئامانجی رێکخستنەوە و باشترکردنیان .

باس لەوەشکراوە،" بڕگەی دووەمی کۆبووەنەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی قەرزە کشتوکاڵییەکان کە ٨٨٦٨  جووتیار سوودمەند بوون لێی بە بڕی ٢٢٢ملیار و ٥٣٣ملیۆن دینار. ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دارایی راسپارد بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی بۆ چۆنیەتی گێڕانەوەی قەرزەکان بە شێوەیەک لەگەڵ باروگوزەرانی جووتیاران بگونجێت."

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە  رەشنووسی دووەمی پلانی تەشریعی خراوەتەڕوو، لەو بارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە لیژنەیەکی یاسایی پێکبهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە لە وەرزی نوێی یاسادانان رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێن.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لە بارەی پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی (پاراستنی مافی خاوەندارێتی هزری - قانون حمایە الملکیة الفكرية) کردووە بە لەبەرچاوگرتنی ستانداردە جیهانییەکان و "پاراستنی خاوەن مافە هزرییەکان لە بوارەکانی هونەری ، بازرگانی ، پیشەسازی و کشتوکاڵیدا" ، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون کە کاری پێویست بگرنەبەر.