سەردێڕ:

شاندێکی باڵای عێراق سەردانی چین دەکات

فۆتۆ: 
2019-09-18

2906 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، شاندێکی باڵای عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدی و بە بەشداریی ١٠ وەزیر و ١٦ پارێزگار بە مەبەستی واژۆکردنی ژمارەیەک رێککەوتننامەی بازرگانی سه‌ردانی وڵاتی چین ده‌كه‌ن.

ئەو سەرچاوەیە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران و بە بەشداریی ١٠ وەزیری حکومەتی فیداراڵ و ١٦ پارێزگاری پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ١٠ بازرگان سەردانی وڵاتی چین دەکەن.

 ئاماژەی بەوەش کرد، سەردانەکە بە مەبەستی واژۆکردنی ژمارەیەک گرێبەستی بازرگانییە لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی وەکو نەخۆشخانە و رێگاوبان و دروستکردنی هێڵی ئاسنین.

سەردانی ئەو شاندە باڵایەی عێراق بۆ چین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا مشتومڕی لێکەوتووەتەوە و بەشێکیان رەخنە لە گەورەیی شاندەکە و توانای نوێنەرایەتی ئەو کەسانە دەگرن کە لە شاندەکەدان.

 لەوبارەیەوە هیشام هاشمی پسپۆڕی ئاسایشی نیشتمانی لە فەیسبووک نوسیوویەتی، "ئەو ملیاران دۆلارەی حکومەتەکانی عێراق خەرجیانکردووە، دەکرا چەندجارێک ئەزموونی چینی پێ دووبارەبکرێتەوە"، بە تەنزیشەوە لەسەر گەورەیی شاندەکە نوسیوویەتی، "حەجی حکومەت بۆ چین دەستیپێکرد."