سەردێڕ:

بۆیەکەمجار وێنەی تارق عەزیز و سوڵتان هاشم لە زینداندا بڵاوبوویەوە

وێنەکان بەهۆی کامێراکانی چاودێرییەوە گیراون
فۆتۆ: 
2019-09-18

48847 جار خوێندراوەتەوە

 لە چەند وێنەیەکی دەگمەندا  سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری و  تارق عەزیز وەزیری دەرەوەی ڕژێمی پێشووی عێراق لەناو زیندانێکی عێراقدا دەرکەوتن.

بەپێى ئەو وێنانەى کە بڵاوبوونەتەوە و ڕوون نییە کە چۆن لە زیندانەوە و لە کامێراکانی چاودێری ناو زیندانەکەوە گیراون و بەتایبەتی لەکاتێکدا بڵاوبونەوەی ئەم وێنانە شکاندنی ڕێساکانی مافی مرۆڤە جا ئەگەر کەسەکە مەدەنی یاخود زیندانی یان تاوانباریش بێت.

پێشتریش بنەماڵەی تارق عەزیز داواکاری یاساییان بەرزکردبووەوە بەهۆی ڕێگری لێکردنیان بۆ سەردانیکردنی تارق عەزیز لەزینداندا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.

سوڵتان هاشم ئەحمەد وەزیری بەرگریی ئەوکاتی عێراق لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە بە چوار سزای لەسێدارەدان، و دوو سزای زیندانی هەتا هەتایی، وسزایەکی ١٥ ساڵ زیندانیکردن و دوو سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

سوڵتان هاشم لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، دانی بەوەدانا  بەشداری شاڵاوەکانی ئەنفالی کردووە و راشیگەیاند، ئەو بڕیاری سەرکردایەتی و سەروی خۆی جێبەجێکردووە، بەتاوانی ئەنجامدانی ئەنفالكردنی گەلی كورد، دادگای باڵای تاوانەكان حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەركرد، بەڵام حوكمەكەی جێبەجێ نەكرا.

تارق عەزیز لە ساڵانی سەرەتای هەشتاكاندا وەزیری دەرەوەی عێراق بووە و دواتر جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی بووە.

رۆژی ٢٦ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ بە تۆمەتی سەركوتكردنی پارتە ئاینییەكانی عێراق، دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڕیاری لەسێدارەكانی بۆ دەركرد، بەڵام بەهۆی توشبونی بە نەخۆشی شێرپەنجە و زۆری تەمەنییەوە بڕیارەكە جێبەجێ‌ نەكرا و رۆژی هەینی ٥ ی حوزەیرانی ٢٠١٥ بە هۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.