سەردێڕ:

تونس.. دوو کاندید لە هەڵبژاردنەکانى خولى دووەم کیبڕکێ دەکەن

٢٩ى مانگ بەڕیوەدەچێت
فۆتۆ: 
2019-09-17

1133 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجامى بەرایى قۆناغی یەکەمى هەڵبژاردنەکانى تونس بڵاوکرانەوە و هیچکام لە کاندیدەکان نەیانتوانى ڕیژەى لە سەدا ٥٠ بەدەستبهێنن و بەهۆیەوە دوو کاندید لە قۆناغی دووەم کیبڕکێ دەکەن.

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى تونس ئەنجامى قۆناغی یەکەمى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیى ئەو وڵاتەى ڕایگەیاند، کە لە قۆناغی دووەمدا هەردوو کاندید قەیس سەعید و نەبیل قورەوى کێبڕکێ دەکەن.

ئاماژەى بەوەش کردووە، بەهۆى ئەوەى هیچکام لە کاندیدەکان نەیانتوانیوە ڕیژەى لە سەدا ٥٠ بەدەستبهێنن، بۆیە دوو کاندید کە زۆرترین دەنگیان هێناوە لە قۆناغی دووەمى هەڵبژاردنەکەدا کێبڕکێ دەکەن.

ڕوونیشیکردەوە، سەعید توانیوویەتى ملیۆنێک و ١٢٥ هەزار و ٣٦٤ دەنگ بەدەستبهێنێت، کە دەکاتە ڕێژەى لە سەدا ١٨ و پۆینت چوارى دەنگەکان و، قورەویش توانیوویەتى ٥٢٥ هەزار و ٥١٧ دەنگ بەدەستبهێنێت، کە دەکاتە ڕێژەى لەسەدا  ١٥ و پۆینت ٥٨ دەنگ.

بەپێى ئامارى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى تونس، حەوت ملیۆن و ٧٤ هەزار و ٥٦٦ دەنگدەر مافى دەنگدانى هەبووە، بەڵام ژمارەى بەشداربووانى دەنگدانەکە سێ ملیۆن و ٤٦٥ هەزار و ١٨٤ دەنگ بووە.

ڕۆژى یەکشەممە ١٥ى ئەیلولى ٢٠١٩ دەنگدەرانى تونس ڕوویان لە سندوقەکانى دەنگدان کرد بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى وڵاتەکە، و ئەمڕۆش ئەنجامەکانى خولى یەکەم ڕاگەیەنرا وبەپێى یاساکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى تونس ئەگەر تانە لە ئەنجامەکان نەدرێت ئەوا قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکە لە ٢٩ى ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و، ئەگەر تەنها یەک تانە لە ئەنجامەکان بدرێت ئەوا لە شەشى ئۆکتۆبەرى داهاتوو هەڵبژاردن دەکرێت و ئەگەر چەند تانەیەکیش بوو ئەوا لە ١٣ى ئۆکتۆبەر دەکرێت.