سەردێڕ:

نەوەى نوێ داوادەکات هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانی عێراق هەرێمیش بگرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-09-17

1610 جار خوێندراوەتەوە

نەوەى نوێ داوادەکات لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانی عێراقدا هەمان هەڵبژاردن لە هەرێميش بکرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا جوڵانەوەى نەوەى نوێ ئاماژەی بەوە کردووە، "هاوکاتى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە عێراقدا، دەرفەتێکى گونجاوە هەمان هەڵبژاردن لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیشدا ئەنجامبدرێت و حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان نوێبکرێنەوە و هاوکاریى خەڵک بن لە پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزاریدا و کۆتایى بە ناشەرعیبوونى وادەى مانەوەى ئەنجومەنى ئێستا و پارێزگارەکان بهێنن."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لەگەڵ خراپیى دۆخى ئەمنی لە ساڵى ٢٠٠٥ەوە تا ئێستا، هەموو چوار ساڵ جارێک و لە وادەى خۆیدا، لە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق جگە لە هەرێمى کوردستان هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و، بۆ هەموو خولێک حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان نوێکراوەتەوە، بەڵام لەو وادەیەوە تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان تەنها دوو جار هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان کراوە و، ئێستاش پارتی و یەکێتی لە ترسی هەڵبژاردن و چوونەوە بەردەم خەڵک جارێکى تر هەڵبژاردنەکەیان بۆ وادەیەکى نادیار دواخستووە و، یاساى ئەنجومەنەکەشیان لە بەرژەوەندیى خۆیان و بۆ دانانى کەسانى حیزبی بە پارێزگارى شارەکان هەموار کردەوە."

جوڵانەوەکە داوادەکات، "هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانی عێراقدا، هەمان هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجامبدرێت و رێگەش بدرێت کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتیى هەڵبژاردنەکە بکەن، بەمەش تێچووى هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە ئەستۆى حکومەتى عێراق و دەرفەت نامێنێت حکومەتی هەرێمى کوردستان بە بیانووى هەبوونى قەیرانى دارایى باس لە بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردنەکان بکات و یاری بە دەنگ و چارەنووس و ئیرادەى خەڵکەوە بکات."

دەشڵێت، "جگە لەوەش پێمانوایە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لەگەڵ پارێزگاکانى ترى عێراقدا، کێشەى پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەڵەبجەش چارەسەردەکات و چیدى خەڵکى خۆشەویستى پارێزگاى هەڵەبجە لە چاوەڕوانیى پێکنەهاتن و رازى نەبوونى پارتی و یەکێتیدا نابن بۆئەوەى پارێزگاکەیان ببێتە خاوەنى حکومەتى خۆجێى خۆی و دەستبکات بە کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەى پارێزگاکە و، بەوەش رۆحى شەهیدانى ئەو پارێزگایە ئاسوودە بکات."