سەردێڕ:

ئێڤار ئیبراهیم لەسەر پۆشاکەکانی ڕوونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2019-09-17

39625 جار خوێندراوەتەوە

ئێڤار ئیبراهیم لەبەرنامەی ئێوارەی ئێن ئاڕ تی دوو، ئاماژەی بەوەکرد هیچ ڕۆژێک بە جلی دووبارەوە نەچووەتە پەرلەمان، ئەو وتەیەی دەنگدانەوەی لێکەوتەوە و لەوبارەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

ئێڤار ئیبراهیم ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی گۆڕان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک دەربارەی وەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکاری بەرنامە "هەودا ئەحمەد" کە تایبەت بووە بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی ئەوەی لەو بەرنامەیەدا  وتویەتی هیچ ڕۆژێک بەجلی دووبارەوە نەچووەتە پەڕلەمان، چەند لایەنێكی سیاسیی هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنیان لە سۆشیال میدیا لە دژی دەستپێكردووە.

ئێڤار دەڵێت "بەوە تۆمەتبار کراوم کە گوایە مانگانە ٣٠ كراسم کڕیوە، ئەگەر هەر كراسێك بە١٠٠ دۆلار بێت، ئەوە مانگی دەکاتە سێ هەزار دۆلار، بەڵام ئەمە دوورە لەڕاستییەوە وەكو هەر ئافرەتێكی تر بەسروشتیی حەزم لە ڕێك پۆشییە، بەڵام هەرگیز رۆژێك جلی گرانبەهام نەپۆشیووە، ئەو كراسانەی كە دەیكڕم و كڕیومە لە بازاڕی میللی (تەیراوە و كوران) ی شاری هەولێر بووە، كە رۆژانە كراسی كوردی بەپێنج هەزار دینار لەسەر عەرەبانە هەراج دەكرێت".

لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئەو ئەوەشی خستووتەڕوو ئەگەر مانگانە ٣٠ کراسی کڕیبێت بە درێژایی مانگەکە دەکاتە ١٥٠ هەزار دیناری عێراقی، دەڵێت "پەرلەمانتاری وامان هەبوو مانگانە قاتێكی ئیتاڵی و جانتایەكی ئیتاڵی بە پێنج هەزار دۆلار كڕیووە".

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا ئێڤار دەڵێت "بەشانازییەوە نە كۆمپانیای نەوتم هەیە، نە هۆتێلی پێنج ئەستێرە و نەشەریكی هیچ بەرپرسێكم، بۆیە ئەم هەڵمەتی پروپاگەندانە نامترسێنێت و بەردەوام دەبم لە وتنی ڕاستیەكان."