سەردێڕ:

مووچەی كەمئەندامانی دەرچوو لە لیژنە پزیشكیەكان دابەش دەكرێت

مووچەی ئەو كەمئەندامەی كە پێشتر مووچەیان ڕاگیرا بوو
فۆتۆ: 
2019-09-17

3103 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ئاشكرای کرد لەم هەفتەیەدا مووچەی ئەو ١٣ هەزار كەمئەندامە دابەش دەكرێت كە پێشتر مووچەیان ڕاگیرا بوو.

ئەمڕۆ سێشەمە ١٧ـی ئەیلوولی ٢٠١٩، یوسف چاوشین،  بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند،  لەم هەفتەیەدا مووچەی كەمئەندامانی دەرچوو لە لیژنە پزیشكییەكان خەرج دەكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، تەواوی پرۆسەكانی پشكنینی پزیشكی كەمئەندامان و وردبینی كردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كۆتایی پێهات و كەمئەندامانی دەرچوو لە لێژنە پزیشكیەكان لەم هەفتەیەدا مووچەی خۆیان وەردەگرن.

ئەوە لە کاتێکدایە ، سکرتێرى یەکێتى کەمئەندامانى کوردستان لە کۆنفراسێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، وەزارەتى کار بریاریداوە دووبارە پشکنین بۆ ١٣ هەزار کەمئەندام بکات و داوایکردوە لیژنەیەک لە وەزارەتى کارو تەندروستى بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنرێت.

پێشتریش، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو کەمئەندامانەی مووچەیان وەرنەگرتووە، بێ کێشە بەم زووانە وەریدەگرن.