سەردێڕ:

پوتین: لەسەر هەنگاونان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب رێککەوتین

لوتکەى سێ قۆڵیى تورکیا و ئێران و روسیا بەڕێوەچوو
فۆتۆ: 
2019-09-16

2687 جار خوێندراوەتەوە

لوتکەى سێ قۆڵیى تورکیا و ئێران و روسیا لە شارى ئەنقەرە بۆچارەسەرکردنى کێشەى سوریا بەڕێوەچوو، سەرۆکى روسیا رایگەیاند، لەسەر هەنگاونان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب رێککەوتوون.

ئەمڕۆ دووشەممە پێنجەمین کۆبوونەوەى لوتکەى تورکیا و روسیا و ئێران بەڕێوەچوو و، دواى کۆبوونەوەکەش هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکى روسیا و حەسەن روحانى سەرۆک کۆمارى ئێران کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانییان کرد.

لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ڤلادیمێر پوتین رایگەیاند، دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا مایەی نیگەرانییە و کێشە ئەمنییەکانی دەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا چارەسەربکرێت.

وتیشی، دانوستانەکانی ئاستانا کە رووسیا، تورکیا و ئێران گەرەنتی دەکەن، کاریگەرترین پرۆسەی چارەسەری بووە  بۆ پرسی سوریا.

هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەى بەوە کردووە، "بڕیاری گرنگمان داوە لەسەر زیندووکردنەوەی ھیوای چارەسەری سیاسی لە سوریا و پێویستە جەخت لەسەر گەڕانەوەی سورییەکان بۆ وڵاتەکەیان بکەینەوە."

روونیشیکردووەتەوە، له‌ رێككه‌وتنێكی ته‌واودان له‌باره‌ی پاراستنی یه‌كڕیزی سیاسی و یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا، پاراستنی ئارامیی گۆڕه‌پانه‌كه‌ و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی سیاسیی یه‌كجاره‌كی بۆ ناكۆكییه‌كان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا حەسەن روحانى باسی لەوەکردووە، وڵاته‌كه‌ی له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كێشه‌كانی سوریا ته‌نها به‌ رێگای سیاسی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و ئەوه‌ش به‌ به‌شداریی گه‌لی سوریا به‌دیدێت.

راشیگەیاندووە، "بوونی سه‌ربازانی ئه‌مریكا له‌ سوریا  نایاساییە و ده‌بێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا هەرچی زووه‌ ناوچه‌كه‌ جێبهێڵن."

بۆ ماوەى پێنج ساڵە روسیا و ئێران و تورکیا کۆبوونەوەى سێ قۆڵى بەڕێوەدەبەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەى سوریا و یەکەم کۆبوونەوەشیان لە ئاستانە لە کازاخستان کرد.