سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: ٦٠٠ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی مەترسیی جینۆسایدیان لەسەرە

فۆتۆ: 
2019-09-16

2323 جار خوێندراوەتەوە

لێکۆڵەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکیاندا ڕایانگەیاندووە، هێشتا ٦٠٠ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی، کە لە بۆرمادا ماونەتەوە، "مەترسیی جددی جینۆسایدکردنیان لەسەرە."

لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئەو لێکۆڵەرەوانە باسیان لەوە کردووە، بۆرما بەردەوامە لە "نیازی جینۆسایدکردن"ی گەلی موسڵمانی ڕۆهینگی، ئەمەش دوای دوو ساڵ لێکۆڵینەوە و دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بۆرماوە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوەش کراوە، بەهۆی ئۆپراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکانی بۆرماوە هەزاران موسڵمانی ڕۆهینگی کوژراون و زیاتر لە ٧٤٠ هەزار هاووڵاتیی ڕۆهینگیش ئاوارەی بەنگلادیش بوون.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا داوای لێکۆڵینەوە لە جەنەراڵە باڵاکانی سوپای بۆرما، لەناویاندا مین ئاونگ هلاینگ سەرۆک ئەرکانی سوپای بۆرما، کراوە.

سەرەڕای ئەوەش، حکومەتی بۆرما ئەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕەتکردووەتەوە و زاو مین تون وتەبێژی سوپای بۆرماش زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکەی بە "تاکلایەنە" ناوبردووە و وتووشیەتی، "لەجیاتی تۆمەتی لایەنگرانە، ئەوان پێویستە لە ئەرزی واقیعدا ڕاستییەکان ببینن."

ئەوەش لەکاتێکدایە، ٢٥ی ئابی ٢٠١٧ بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی بۆرماوە بۆسەر موسڵمانانی گەلی ڕۆهینگیا لە ویلایەتی ڕاخین، هەزاران هاووڵاتی کوژران و دەستدرێژیی سێکسی کرایە سەر هەزاران ئافرەتی ئەو گەلە، جگە لە ڕووخاندن و وێرانکردنی چەندین گوند و ناوچە.