سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: پێویستە دادپەروەری لە خەرجکردنی داهات بۆ ناوچەکانی هەرێم هەبێت

 لیژنەى کۆکردنەوەى داهاتەکانى حکومەتى هەرێم
فۆتۆ: 
2019-09-16

3545 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى حکومەتى هەرێم لەمیانەى کۆبوونەوەى لیژنەى کۆکردنەوەى داهاتەکاندا رایگەیاند، پێویستە دادپەروەری لە خەرجکردنی داهات بۆ ناوچەکانی هەرێم هەبێت و، جەختیشی لەسەر دابینکردنى نەوت بۆ هاوڵاتییان کردەوە بەر لە هاتنى وەرزى زستان.

ئەمڕۆ لیژنەى کۆکردنەوەى داهاتەکان بە سەرپەرشتیى مەسرور بارزانى کۆبوەوە و، بەپێی راگەیەندراوێکى حکومەتى هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکى حکومەت ئاماژەى بەوە کردووە، پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەن هاوسەنگی هەبێت لە نێوان داهات و خەرجییەکان، بە شێوەیەک لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی و هاووڵاتییانی هەرێم بێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، مەسرور بارزانى جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت دادپەروەری لە خەرجکردنی داهات بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت و گفتوگۆش لەبارەی کۆکردنەوەی داهاتەکان و رێکخستنەوەی باج و گومرگەکان و کاراکردنی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستانەوە کرا.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت جەختی لە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان کردووەتەوە پێش هاتنی وەرزی زستان.