سەردێڕ:

بەهۆی چەند هێرشێکەوە بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە کەمیکرد

نرخی نەوت ١٠ دۆلار بەرزبووەوە
فۆتۆ: 
2019-09-15

7004 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی سعودیە ڕایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی سەر دوو پاڵاوگە نەوت لە سعودیە بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکە بۆ نزیکەی نیو هێندە کەمیکردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە کە لە میدیاکانی سعودیەدا ئاماژەیان پێوەکراوە، هێرشەکان بووەتە هۆی وەستانی بەرهەمی نەوت بە بڕی ٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

لەلایەکی دیکەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبارکرد کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ڕۆژی شەممە دوو کارگەی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی کرانە ئامانج.

هەروەها راشیگەیاندووە" تاران لە پشت ١٠٠ هێرشەوەیە کە کراوەتە سەر وڵاتی سعودیە لەکاتێکدا ڕوحانی و زەریف وایدەردەخەن کە پەیوەستن بە دیپلۆماسییەوە، سەرەڕای ئەو هێرشانە لە ئێستادا ئێران هێرش دەکاتە سەر سەرچاوەکانی وزەی جیهانی کە پێشتر ئەمە نەکراوە".

پۆمپیۆ راشیگەیاند هیچ بەڵگەیەک نییە کە لەیەمەنەوە هێرشەکان ئەنجامدرابێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە گروپی حوسییەکانی یەمەن لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشی سەر ئەو دوو کارگەیەیان گرتە ئەستۆی خۆیان.

ڕۆژی شەممە (١٤ی ئەیلولی ٢٠١٩) لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر دوو ناوەندی گرنگی نەوتی سعودیە ئەوانەش پاڵاوگەی بەقیق و کێڵگەی نەوتی خوڕەیس بوون کە بەهۆیانەوە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بۆ ١٠ دۆلار بەرزبووەوە.

‌بەپەلە