سەردێڕ:

سعودیە.. ژمارەیەک لە ژنان پێشێلی یاساکانی جلوبەرگی وڵاتەکەیان دەکەن

بە جلوبەرگی مۆدێرن دەردەکەون
فۆتۆ: 
2019-09-14

11600 جار خوێندراوەتەوە

لەبەرکردنى جلوبەرگی مۆدێرن لە لایەن ژنانى سعودیەوە بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکانی جیهان.

لە چەند مانگی ڕابردووەوە ژمارەیەک لە ژنانی سعودیە پێشێلی یاساکانی جلوبەرگی وڵاتەکەیان دەکەن، کە ژنان ناچاردەکات بە پۆشینی لەچک و عەبای ڕەنگ ڕەش.

ئەو ژنانە کە ژمارەیان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێت، لە شوێنە گشتییەکاندا بە جلوبەرگی مۆدێرن و تا رادەیەک کراوەتر بینراون، ئەوەش بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکانی جیهان.

یەکێک لەو ژنانە مەشاعل جەلودی تەمەن ٣٣ ساڵە کە هەفتەی ڕابردوو بە پانتۆڵ و چاکەتێکی ڕەنگاو ڕەنگەوە چووە ناو یەکێک لە مۆڵەکانی شاری ڕیازی پایتەخت و سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەو ژنە سعودیە دواتر بە میدیاکانی وتبوو، پۆشینی ئەو جلوبەرگە بووەتە مایەی نیگەرانی بەشێک لە دوکاندارانی مۆڵەکە و ڕێگەیان پێ نەداوە بچێتە دوکانەکەوە بە پاساوی ئەوەی "پێشێلکاریی نەریتی گشتیی وڵاتەکەی کردووە."

جگە لە مەشاعل، کچە چالاکوانێکی تەمەن ٢٥ ساڵی دیکەش بە ناوی مەناهل عەتیبی وێنەکانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاندووە، کە تیایدا بە جلوبەرگێکی مۆدێرنەوە لەسەر شەقامەکانی شاری ریاز دەبینرێت، ئەو کچە چالاکوانە باسی لەوە کردووە ، ماوەی ٤ مانگە دەستبەرداری پۆشینی عەباکەی بووە، دەشڵێت، دەیەوێت ئەو ژیانە بژی کە دەیەوێت و هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە ناچاری بکات جلوبەرگێک بپۆشێت کە نەیەوێت.

میدیاکان باس لەوە دەکەن، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە ئێستادا ڕێگای خۆشکردووە بۆ ئەو ژنانە کە پێشێلی کلتور و یاساکانی جلوبەرگی وڵاتەکەیان دەکەن، لە ڕێگەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو پۆلیسانەی وڵاتەکە کە لە ناوخۆدا بە "پۆلیسی ئایینی" ناودەبرێت، لەکاتێکدا تا ماوەیەک لەمەوبەر ژنانی سعودیە بەهۆی لەچک نەکردنەوە دەستبەسەردەکران.

محەمەد سەلمان هەر وەک لە میدیاکانەوە باسی لەوە کردووە "دەیەوێت وڵاتەکەی بەرەو وڵاتێکی ئیسلامی مۆدێرن ببات" و ئەو وتانەشی لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەدا ڕەنگی داوەتەوە، کە دیارترینیان یاسایەکی ساڵی رابردوو بوو، کە بۆ یەکەم جار ڕێگە بە ژنان درا مۆڵەتی شۆفێری وەربگرن، هەر لەو ساڵەدا و لە دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ هۆڵی سینەما لەو وڵاتەدا کرایەوە، مانگی حوزەیرانی ڕابردووش یەکەم یانەی شەوانە لە شاری جەدە کرایەوە، بەڵام جیاواز لە یانەی شەوانی دیکە، خواردنەوەی کحول تیایدا قەدەغەکراوە، هەروەها سەرەتای مانگی ڕابردووش بە بڕیارێک ڕێگە بە ژنان درا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە پیاوێکی نێو خێزانەکەیان گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن.