سەردێڕ:

هەڵەبجە.. دواى ٥ ساڵ تا ئێستا چارەنووسى پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاکە نادیارە

فۆتۆ: 
2019-09-14

787 جار خوێندراوەتەوە

دواى پێنج ساڵ و ٥٦ كۆبوونه‌وه‌ و دوو ڕێكکه‌وتن، هێشتا چارەنووسى پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەڵەبجە بە نادیارى ماوەتەوە.

به‌پێى ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ و ڕێكکه‌وتنه‌كان بێت، حیزبه‌ به‌ژداربووه‌كانى حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ تاكو ئێستا تێر نه‌بوون له‌ میوه ‌و چا خواردن، ئه‌گه‌رچى یه‌كێتى و پارتى بڕیار به‌ده‌ستى ئه‌م هه‌رێمه‌ن و یه‌كێتیش ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى ئه‌م پارێزگا سه‌رپێنه‌خراوه‌ى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، دواى ٥ ساڵ و ٥٦ كۆبوونه‌وه‌ و دوو ڕێکكه‌وتن، یه‌كێتى له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى یارى به‌ چاره‌نووسى ئه‌م پارێزگایه‌وه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ك چۆن له‌ كۆتا كۆبوونه‌وه‌ و ڕێكکه‌وتن یه‌كێتى ڕازى بوو به‌ پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكه‌، به‌ڵام دواى یه‌ك هه‌فته‌ له‌ واژووى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌نده‌كه‌، كه‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى حیزبه‌كه‌شه‌، په‌شیمان بوونه‌وه‌، چونكه‌ ڕازى نین پله‌ و پۆسته‌كانى ئه‌م پارێزگایه‌ ڕاده‌ستى هیچ كه‌سێكى تر بكه‌ن، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ وتارى سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى و پارتى وا خۆیان نیشانده‌ده‌ن جگه ‌له‌وان كه‌س دڵسۆزى هه‌ڵه‌بجه‌ نییه‌.

هاوڵاتییەک دەڵێت، "خه‌ونى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ هی ئێوه‌ و حیزب و سه‌ركرده‌كانتان بوو یان هى ئه‌و گه‌نجانه‌بوون دژى وتار و قسه‌كانتان ده‌نگى ناڕه‌زایه‌تییان به‌رزده‌كرده‌وه‌ و كه‌مپینى جۆراوجۆریان بۆ به‌پارێزگابوونى شاره‌كه‌یان ڕێكده‌خست، كه‌چى ئێستا یه‌كێتى و پارتى له‌پێناو چه‌ند كورسى و پله‌ و پۆستێكى ئه‌م پارێزگا بچووكه‌ ڕازى نین ئیداره‌ى شاره‌كه‌ سه‌رپێ بخرێت."

جیاواز له‌ یه‌كێتى و پارتى، حیزبه‌ به‌ژداربووه‌كانى كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌م گاڵته‌پێكردنه‌ به‌ چاره‌نووسى پارێزگاكه‌وه‌ جگه‌ له‌ بێده‌نگى و پێكه‌نین به‌ده‌م ئه‌و سه‌ركردانه‌ى له‌ واژووه‌كانى خۆیان په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌، هیچ هه‌ڵوێستێكى تریان نه‌نواندووه‌، له ‌به‌رامبه‌ر كۆبوونه‌وه‌ و ڕێكکه‌وتنى ئه‌و حیزبانه‌ش نه‌وه‌ى نوێ، بێبه‌رىبوونى خۆى له‌ شێوازى مامه‌ڵه‌كردنى حیزبه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م پارێزگایه‌ ڕاگه‌یاند، نە بەشدارى کۆبوونەوەکانى کرد و ئامادەش نەبوو بەشدارى ئەو ئەنجومەنە بکات کە کورسییەکانى لە نێو حزبەکانى تردا دابەشکرا و دواییش پەشیمان بوونەوە.